“ئۆتۆمبێلە خوار مۆدێلەکە بە نا یاسایی بۆ وەزیرێک داخڵکراوە”

دۆسیەکە گەیشتە دادگا

  964+

میلاد جەلال – کەلار

ئۆتۆمبێلێکی خوار مۆدێل لە جۆری لێکسز، لە پەروێزخانەوە داخلی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێ؛ ئۆتۆمبێلەکە بۆ بەرپرسێکی نوسینگەی وەزیرێکی ئەم کابینەیە ھێنراوەو لە دەروازەی پەروێزخانەوە چاوپوشی لێکراوە.

  964+ زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە کە ئۆتۆمبێلەکە لەجۆری لێکسز مۆدێل ٢٠١٠ـیەو لە دەروازەی نێودەوڵەتی مەرزی پەروێزخان ھێنراوەتە ھەرێمی کوردستان.

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت ”ئەو ئۆتۆمبێلە بۆ بەرپرسێکی نوسینگەی وەزیرێکی ئەم کابینەیە ھێنراوە، لەلایەن چەند کەسێک لە دەروازەی پەروێزخان چاوپوشی لێکراوە، کەسە نزیکەکانی وەزیریش ئاگادار کراونەتەوە لە بابەتەکە”.

رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964+ وت؛ ئەو ئۆتۆمبێلە لە مانگی حوزەیرانی  ئەمساڵ بە ئۆتۆمبێلێکی فلات تێکەڵی ئۆتۆمبێلی دیکە کراوەو ھێنراوەتە ھەرێمی کوردستان، “ئۆتۆمبێلەکە ماوەی چوار مانگ بە تابلۆی ساختەوە لەلایەن بەرپرسی یەکەمی حزبێک و بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیرێک لە ھەردوو پارێزگای ھەولێرو سلێمانی بەکارھێنراوە”.

دوای ئاشکرابوونی بابەتەکە،  لیژنەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێکهێنراوەو سەردانی مەرزی پەروێزخانی کردووە.

“ھەمان ئەو رۆژەی لیژنەکە سەردانی مەرزەکەیان کرد، ئۆتۆمبێلەکە گەڕێندرایەوە بۆ دوبەی، پێمانوترا ئۆتۆمبێلەکە بەمەبەستی گەشتیاری ھێنراوەتە کوردستان، بەڵام بەبێ شۆفێر بووەو، بەرپرسانی مەرزەکەش ئامادە نەبوون زانیاری زیاتر بدەن”. رەمەزان نامیق وادەڵێت، ئاشکراشیکرد لەسەر پێنەدانی زانیاری بە لیژنەکە لە فەرمانگەی داواکاری گشتی گەرمیان سکاڵایان تۆمارکردووە هەم لەسەر بەرپرسی مەرزەکەو هەمیش لەسەر پێنەدانی زانیاری.

 بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان،داخلکردنی ئۆتۆمبێل دەبێت مۆدێلەکەی ٢ ساڵ  کەمتربێت لەو ساڵەی کە تێیدا داخل دەکرێت.

رەمەزان نامیق، ئەوەشی بە 964+ وت؛ بەرپرسانی دەروازەکە ویستویانە بە لیژنە لەگەڵ ھاتوچۆی گەرمیان و ئاسایشی گەرمیان ئۆتۆمبێلەکە بگەڕێننەوە، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوونە بەشداری لیژنەکە بکەن چونکە گومانیان لە باباتەکە ھەبووە.

بۆقسەکردن لەسەر ئەم بابەتە 964+ پەیوەندیکرد بە عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بەڵام ناوبراو تەواوی ئەو زانیاریانەی رەتکردەوەو دەڵێ؛ بابەتەکە بەمشێوە نیە کە ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی کردووە.

هاوکات دانی بەوەدانا کە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە، وتی “چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەین ئەوکات بە شێوەیەکیتر قسەیان دەبێت لەسەر بابەتەکە”.