زاخۆ لە رێگەی کۆمپانیای بیانییەوە پەرە بە کشتوکاڵ دەدات

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

کۆمپانیایەکی ئیماراتی لە زاخۆ وەبەرهێنان لە لە کشتوکاڵدا دەکات و قۆناغی یەکەمی وەبەرهێنانەکە پشکنینی خاکە و دەستکراوە بە پرۆژەکە.

کۆمپانیا ئیماراتییەکە پێنج مانگ پێش ئێستا هاتوونەتە زاخۆ بۆ ئەوەی لە رێگەی جوتیارانی زاخۆوە وەبەرهێنانەکە بکەن و پشکنین بۆ زەوی بەکەن و دواتر لەسەر رووبەری هەزار دۆنم زەوی ئەنجامی بدەن.

هۆشیار مستەفا، بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری لە وەبەرهێنانی زاخۆ بە 964ـی وت، دەست بە وەبەرهێنان کراوە قۆناغی یەکەم تەنیا پشکنینی زەوییە بۆ ئەوەی بزانن چاندنی چ جۆرە بەرهەمێک سەرکەوتوو دەبێت.

وتیشی، هەستاون بە چاندنی فاسۆلیا و گەنمە شامی و لە قۆناغی داهاتووشدا برنج بەرهەمدەهێنن و بە گوێرەی وەرزی چاندن کشتوکاڵ ئەنجامدەدەن.

ئێستا لەو پرۆژەیە 50 کرێکار کاردەکات و لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی وەبەرهێنانی زاخۆن.

لە سەرەتاوە تەنیا بەشی ناخۆ بەرهەم دەهێنن و لە قۆناغەکانی تر بەشی ناوخۆ و هەناردەکردنیش بۆ دەرەوە بەرهەمدەهێنن، لەگەڵیشیدا سەنتەرێکی لێکۆڵینەوە لە پرۆژەکە دەکەنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشانە بکات دێتە بەردەم جوتیارەکان، هۆشیار مستەفا وای وت.

تا ئێستا وەک پێویست سوود لە دەشتەکانی زاخۆ نەبینراوە بۆ کشتوکاڵکردن، ئێستا وەبەرهێنانی زاخۆ دەیەوێت لە رێگەی کۆمپانیا بیانییەکاناوە پەرەی زیاتر بە کشتوکاڵی زاخۆ بدرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی