باسی 400 مليارەکەی هەرێمیش دەکرێت

دادگای فیدراڵی لەسەر چەند سکاڵایەکی تایبەت بە هەرێم کۆدەبێتەوە

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەک دەکات، کە یەکێکیان پەیوەستە بە حکومەتی ھەرێم و بۆ ھەڵوەشاندنەوەی چەند مادەیەکی یاسای بودجە تۆمار کراوە.

ئەو سکاڵایەی کە پەیوەستە بە هەرێمەوە، لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دژی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکراوە و داوادەکات ژمارەیەک لە بڕگەکانی یاسای بودجە بە نادەستووری دابنرێن و ھەڵبوەشێندرێنەوە.

بڕگەکانی پەیوەست بە هەرێم تایبەتن بە دیاریکردنی رێژەی شایستەی دارایی ھەرێم لە بودجە و رادەستکردنی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت و ھەروەھا رادەستکردنی داھاتی نانەوتی و خەرجکردنی پشکی ھەرێم لە بودجە، لەگەڵ چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ھەولێر و بەغدا و بڕگەی پارێزگای ناڕازیی.

ھاوکات دادگای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، کە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆماری کردووە و داوادەکات، 12 بڕگە و ماددەی یاسای بودجە بە نادەستووری دابینرێن و ھەڵبوەشێندرێنەوە.

یەکێکی دیکە لە سکاڵاکارەکان، مستەفا سەند ئەندامی لیژنەی داراییە لە پەرلەمانی عێراق، کە لەسەر سەرۆکوەزیران تۆماری کردووە و داوادەکات بڕیار بدرێت لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری خەرجکردنی 400 ملیار دینار کە ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی وەک شایستەی دارایی ھەرێم و بەشێوەی قەرز خەرجی کردووە.