ئاکام عومەر گیانی لەدەست دا

+964

فەرمان سادق

دوای نزیکەی دوو مانگ ەبسەر برینداربوونی، ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا گیانی لەدەست دا. 

فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، کاتژمێر حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ـی کانونی یەکەم، لە راگەیەندراوێکدا گیانلەدەستدانی ئاکام عومەری راگەیاند.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، “بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی پیرۆزی بەخشییە خاک و نیشتمان، بەڵێنەکەی خۆی لەپێناو كوردستان بەجێهێنا و شەھید بوو، ئێمە لە فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان ئەم كۆستە گەورەیە بە هاوڕێ و هاوسەنگەران و دڵسۆزانی رادەگەیەنین.”

+964 دەزانێت، رۆژی ١٩ـی تشرینی یەکەمی رابردوو، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بە سەرپەرشتی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکە بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەچنە سنووری گەرمیان لە شارۆچکە زنانە، بەمەبەستی کێوماڵکردنی سنوورەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاشماوەکانی داعش، بەڵام چەند مینێک بە هێزەکەدا دەتەقێتەوەو بەهۆیەوە ئەندامێکی هێزەکە دەستبەجێ گیانلەدەست دەدات و ئاکام عومەرو حەوت ئەندامی دیکەشیان بریندار دەبن.

 دوای برینداربوونی، ئاکام عومەر بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لە نەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی مایەوە، دواتر بە فڕۆکە و لە رێگەی تیمێکی پزیشکییەوە بە مەبەستی چارەسەر بۆ وڵاتی ئەڵمانیا گواسترایەوە. 

 فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، لە راگەیەنراوەکەیدا هیچ زانیارییەکی لەبارەی کاتی گەڕاندنەوەی تەرمی ئاکام عومەر بۆ هەرێمی کوردستان، بڵاو نەکردۆتەوە.