سلێمانى پێشانگایه‌كى نێودەوڵەتی گەشتیارى به‌خۆوه‌ ده‌بینێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌م مانگه‌ پیشانگایه‌كى نێوده‌وڵه‌تى گه‌شتیاری له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزاریش ئاماژه‌ به‌هاتنى ده‌یان كۆمپانیای عێراقی و بیانى بۆ ئه‌و پیشانگایه‌ ده‌كات.

پیشانگاكه‌ له‌ 17 تاكو 20 ـى ئه‌م مانگه‌ له‌ شاری سلێمانى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم، پلانێكى هەشت ساڵەى هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى ئه‌و پلانه‌یه‌وه‌، بوارى گه‌شتیاری بكاته‌ کەرتێکى فەرمیى بۆ  داهات و ئابووریى له‌ هەرێمى کوردستاندا,

ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى هه‌رێم به‌ 964ـى وت، ئامانجیان له‌و پیشانگا نێوده‌وڵه‌تییه‌،  زیادکردنى کۆمپانیاى گەشتیاریى بیانى و هاتنى گەشتیارى زیاتره‌ بۆ هەرێمى کوردستان.

وتیشی “ده‌یان کۆمپانیاى بیانى و ناوخۆیى و عێراقى كه‌ تایبەتن به‌ كاروبارى گەشتیارى بەشداری ئه‌م پیشانگایه‌ دەکەن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌میانى پیشانگاكه‌، کۆمەڵێک یاداشتنامه‌ و رێککەوتن لەسەر بایەخدان بە بوارى گەشتیاری هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان واژۆ دەکرێت، بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشبردنى ئه‌و بواره‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا.

به‌قسه‌ى وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار، له‌ پیشانگاكه‌دا  کۆمەڵێک کارى دەستیى خاوه‌ن پیشه‌ و بەهرەمه‌ندان دەخرێتەروو، بۆ ئەوەى لە نزیکەوە ئەو کۆمپانیایانە بیانبینن و سەرنجى گەشتیارانى خۆیانى پێڕابکێشن.