تەماتەی خۆمانە پێگەیشت و نرخ دابەزی
“خواست لەسەر تەماتەی تورکی کەمە”
+964
دیلان محەمەد
بەرهەمی تەماتەی هەولێر و ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتە بازاڕ و ١٠٠ دینار لە نرخەکەی تەماتەی دابەزاند. بەڕێوەبەری عەلوەی سلێمانی دەڵێ؛ تەماتەی خۆمانە خواستی لەسەر زیاترەو تەماتەی تورکیش گرانترینە لە بازاڕدا.
پەیامنێری +964 سەردانی عەلوەی سلێمانی کردووەو دەڵێ؛ سێ جۆر تەماتە لە بازاڕدا هەیە، ئەوانیش خۆمانەو ئێرانی و تورکی، لەڕووی نرخیشەوە خۆمانەکە لە هەموویان هەرزانترەو زۆرترین خواستیشی لەسەر هەیە.
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی بە +964 رایگەیاند ، لە عەلوەی سلێمانی سێ جۆر تەماتە بە سێ نرخی جیاواز ھەیە، خۆمەنە بە ٤٠٠ دینارە، ئێرانی ٧٥٠ دینارو تورکی هەزارو ٥٠٠ دینار.
زیاتر وتی “ئەو تەماتەیەی لە توركیاوە ھاوردە دەکرێت، نرخی یەك كیلۆی لە عەلوە هەزارو ٥٠٠ دینارەو دوكانەكانداریش بە دوو هەزار دینار دەیفرۆشێت، هەرچی تەماتەی خۆمانەیە کە بەرهەمی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقە، نرخی یەك كیلۆی لە عەلوە بە ٤٠٠ دینارە، بەڵام تەماتەی ئێرانی لە عەلوە سێ کیلۆی بە دوو هەزار دینارە”.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری عەلوەی سلێمانی بۆ قسەی کردووەو دەڵێ؛ بەرهەمی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێگەیشتووەو وایکردووە نرخ دابەزێت، جگە لەوەی عێراق، لەم مانگەدا بەرهەمی تەماتەی گەرمیان و دەشتی شارەزوور و پێنجوێن پێدەگات.
زیاتر وتیشی” خواست لەسەر بەرهەمی تورکی کەمە، جگە لە چەند مارکێتێک نەبێت ئەوا بەشی زۆری خەڵک حەزیان لە بەرهەمی خۆمانەیە کە هەم تامی خۆشترەو هەمیش نرخی هەرزانترە”.