ساڵی داهاتوو پارەی گەنمی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ـی جواتیاران دەدرێت
964+
توانا نەقی – هەولێر
ژمارەیەک جوتیار بە نوێنەرایەتی جوتیارانی کوردستان بەشداری لەکۆبونەوەی نێوان وەزیری بازرگانی هەرێم و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراق دەکەن. جوتیارێکی بەشداربوو دەڵێ؛ ساڵی داهاتوو پارەی گەنمی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ـی جواتیاران دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ـی کانونی یەکەم، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەسیر داود سلێمان غرێری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراقی، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە کێشەو گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرد لە بواری بازرگانی و پیشەسازی، بە تایبەت پرسی شایستە داراییەکانی جوتیارانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦.
964+ دەزانێت، ژمارەیەک جوتیاری هەرێمی کوردستان رۆژێک پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی بازرگانی هەرێم و عێراق، لەگەڵ ئەسیر داود سلێمان غرێری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراقی کۆبوونەوە، راستەوخۆ داوای شایستە داراییەکانیان و کێشەو گرفتەکانیان لە پرسی پێدان و فرۆشتنی بەرهەمی گەنمەکانیان بە وەزارەتی بازرگانی عێراق باسکرد.
عوسمان محەمد، یەکێکە لەو جوتیارانەی بەشداری کۆبوونەوەکەی کردووەو لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ 964+ کردووەو دەڵێ؛ پێشر چەندینجار چووینەتە بەغدا، بە بیانووی جۆراوجۆر پارەکەمان وەرنەگرتوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بڕیاردرا لە بودجەی ٢٠٢٣ جێگەی بکرێتەوە.
عوسمان محەمەد، وتیشی “بە تەنیا من زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دینارم لای وەزارەتی بازرگانی عێراقە، وەزیری بازرگانی عێراق پێی وتین ئەگەر بودجەش نەبێت شایستە دارایەکانتان بۆ خەرج دەکەین”.
964+ دەزانێت، شایستەی دارایی جوتیارانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دەگاتە ٢٧٢ ملیار دینار، ئەمەش لە کاتێکدایە هەر لەم مانگەدا دوا بڕی پارەی جوتیاران بۆ ٢٠١٤ لەلایەن حکمەتی عێراقەوە خەرج کرا.