زۆپا تەقی و چوار کەسی بریندار کرد

964+ ئاسۆ فەیسەڵ – سۆران لە قەزای مێرگەسۆر بەهۆی تەقینی زۆپای دار چوار هاوڵاتی بریندار بوون. موحتاج عەلی حەمۆ، وتەبێژی بەرگری شارستانی قەزای مێرگەسۆر بە 964+ی وت، شەوی یەکشەممە، لە کاتژمێر ١١:١٥ ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوێکی کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵێک لە قەزای مێرگەسۆر. وتیشی، “دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیمان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین قوربانیەکان رزگاربکەین، رووداوەکە بەهۆی ئەوەی نەوتیان بە پاشماوەی ئاگرەکەدا کردووە بووتە هۆی تەقینەوەی زۆپاکە”. سەبارەت بە دۆخی بریندارەکان، وتەبێژەکە باسی لەوە کرد، کە تەندروستیان جێگیرە و لەژێر چارەسەردان لە نەخۆشخانەی قەزاکە. 964+ دەزانێت، بریندارەکان ئەندامی یەک خێزانن، دوو بووک و یەک خەسون، لەگەڵ کچێکیان.