زانکۆیەک ناوی ئەو خوێندکارانە بڵاودەکاتەوە کە پارەی خوێندن نادەن

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

زانکۆیەکی تایبەت لە پارێزگای دهۆک لە وێبسایتی فەرمی خۆی ناوی ٣٦٤ خوێندکاری خۆی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، پارەی خوێندن بهێنن نەتانداوە.

زانکۆی جیهان – دهۆک لە وێبسایتی فەرمی خۆیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی خوێندکاران بەڵام ئەوان کەسوکاریان ئاگادار ناکەنەوە کە پارەی خوێندنیان بۆ بدەن، بۆیە ناوەکانیان بڵاوکردووەتەوە.

“زۆربەی خوێندکاران دەڵێن پێش وەختە ئاگادارمان بکەن بۆ دانی قیستەکە، بەڵام ئەوان کەسوکاریان ئاگادار ناکەنەوە کە قیستی خوێندنیان بۆ بدەن،” بەپێی راگەیەندراوی زانکۆی جیهان.

بڵاوکردنەوەی ناوی خوێندکاران ناڕەزایی لەنێو زانکۆکە لێکەوتووەتەوە، زۆربەی قوتابییان لەمە ناڕازین.

عەدنان قیوم خوێندکارێکی زانکۆکەیە، ئەو بە 964+ی وت، “من یەکێکم لەو قوتابییانەی کە پارەی مانگێکی خوێندن قەرزارم، بەڵام بەڕاستی بڵاوکردنەوەی ناوی من و هاوڕێکانم کارێکی ناشرین و ناشارستانییە.”

بە وتەی عەدنان، خوێندکارێکی زۆر لە زانکۆکە گرفتی داراییان هەیە لەبەر ئەوە توانای دانەوەی قیستەکانیان نییە لە کاتی خۆیدا.

ئەو خوێندکارانەی کە پارەی خوێندنی ساڵێک یان زیاتر لە زانکۆی جیهان قەرزارن، ژمارەیان ٣٦٤ قوتابییە، کەمترین کرێی خوێندنیش بۆ ساڵێک لە زانکۆکە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دینارە.

بەپێی رێنماییەکانی زانکۆی جیهان، قیستەکە بە چوار جار و لە مانگەکانی یەک، سێ، نۆ و یانزەی ساڵدا دەدرێت و بۆ ئەمساڵی خوێندن بە رێژەی سەدا ١٥ داشکاندن کراوە.

زانکۆیا جیهان – دهۆک لە ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٤ دامەزراوە و تا ئێستا ١٢ بەشی پزیشکی، زمان، پەروەردەیی، کارگێڕی و ئەندازیاری لەنێو زانکۆکە هەن.