کارمەندێک گیانی لەدەست داوەو یەکێکی دیکەش بریندارە

964+

هیڤی دێوالی

گەنجێکی عەرەب هێرش دەکاتەسەر ئاسایشی دهۆک و، کارمەندێک دەکوژێت و یەکێکی دیکەش بریندار دەکات. ئاسایشی دهۆک دەڵێ؛ کەسەکە دەستگیر کراوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ـی کانونی یەکەم، گەنجێکی عەرەب هێرشی کردەسەر ئاسایشی دهۆک و بەهۆیەوە کارمەندێک گیانی لەدەستداو یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

ئاسایشی دهۆک، لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی رایگەیاند، هێرشەکەی نیوەڕۆی ئەمڕۆی سەر بنکەی ئاسایشی رۆژهەڵات لەلایەن “تیرۆریستێکەوە” ئەنجامدراوە کە بووەتە هۆی “شەهیدبوونی کارمەندێک و برینداربوونی یەکێکی دیکە” ئەو کەسەشی هێرشەکەیشی کردووە، لەلایەن ئاسایشەوە کوژراوە. 

ئاسایشی دهۆک، لە روونکردنەوەکەیدا کە کۆپییەکی دەست  964+ کەوتووە دەڵێ؛ ئەو کارمەندەی ئاسایشی دهۆک کە لە رووداوەکەدا “شەهید بووە” ناوی (ئازاد ئیبراهیم)ـە، تەمەنی ٣١ ساڵە و خەڵکی گوندی بێسفکێ یە لە سنووری پارێزگای دهۆک، هاوکات بریندارەکەش ناوی (زیندان مزووری)ـیە و نەشتەرگەری بۆ کراوە و “دۆخی تەندروستیی جێگیرە”.

ئاسایشی دهۆک، پڕۆفایلی هێرشبەرەکەی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێ؛ ئەو کەسە ناوی (لەیس هاشم عەزیز)ـەو تەمەنی ٢٨ ساڵەو سەر بە هۆزی حەدیدییەی سنووری پارێزگای نەینەوایە، خەڵکی گوندی عەلییە رەشی سەر بە قەزای حەمدانییەیە. بەڵام ئاسایشی دهۆک، هیچ لەبارەی هۆکاری پشت هێرشەکەی بڵاو نەکردووەتەوە، دەڵێ؛ دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامەو ئەنجامەکەشی بۆ رای گشتی بڵاو دەکەینەوە.