چیتر بە نەمام رازی نابن
شارەوانی سلێمانی داوای پارە لە مۆلیدە ئەهلیەکان دەکات
964+
رێژوان مامە قادر
شارەوانی سلێمانی خاوەنی مۆلیدە ئەهلیەکانی ئاگادارکردووە، لەمەودوا بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانە بەخۆڕایی لێی دەرناچن، بۆ هەر مەترێک چوارگۆشە 10 هەزار دیناریان لێوەردەگرن.
شوێنی زۆرینەی مۆلیدە ئەهلیەکان موڵکی شارەوانین.
پێشتر لەجیاتی پارە، شارەوانی داوای لە خاوەن مۆلیدەکان دەکرد نەمامیان بۆ بکڕن.
لەوبارەیەوە، تارق سەمین سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلیەکانی سلێمانی بە 964ـی وت، بڕیارەکەی شارەوانییان پێگەیشتووە بەڵام ناڕازین و مۆلیدەکانیان ئاگادار کردووەتەوە پێوەی پابەند نەبن.
964 دەزانێت، لەناو شاری سلێمانی 578 مۆلیدەی ئەهلی کاردەکەن.
تارق سەمین وتیشی، “مۆلیدەکان زۆرینەیان لە باخچەی گەڕەکەکاندان کە موڵکی شارەوانین بۆیە داوای ئەو پارەیە دەکەن، بەڵام ئەوە بارگرانییە و مۆلیدە هەیە دەبێت ساڵانە دوو ملیۆن دینار بدات و ئەوەش پارەیەکی زۆرە”.
بە وتەی ئەو، پێشتر داوای نەمامیان لێکراوە و تا ئێستا 21 هەزار نەمامیان داوە بە شارەوانی سلێمانی.