بەهۆی پێ نەدانی پارە کۆمپانیایەک دەرمان لە کۆگاکانی رانیە دەباتەوە

وتەبێژی تەندروستی رانیە؛ دەرمان لە کۆگاکان کەمی کردووە

+964

مەجید بیتوێنی – رانیە

بەهۆی پێ نەدانی شایستەی داراییەوە، ئەو کۆمپانیایەی دەرمانی بۆ نەخۆشخانەکانی رانیە دابینکردبوو، لە کۆگاکان کشاندییەوەو تەندروستی رانیەش دەڵێ؛ دەرمان کەمی کردووە بەڵام هێشتا پەکیان نەکەوتووە.

یاسن خدر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لەسەر ئیدارەی راپەڕین ئاشکرایکرد، دوای ئاگادار کرانەوەیان لە بوونی کێشەی کەمی دەرمان لەکۆگاکانی نەخۆشخانەی گشتی رانیە، بەدواداچوونیان کردووە لە هۆکاری کێشەکەو دەرکەوتووە کە ئەو کۆمپانیایەی لە ماوەی رابردوودا بەبڕی ٤٥٠ ملیۆن دینار دەرمانی بۆ رانیە کڕیبوو، بەپێی گرێبەستەکە دەبوو تا ٢٥ـی ئەیلولی رابردوو شایستە داراییەکەیان بۆ خەرج بکرایە.

“دوای بەدواداچوون، رەزامەندی وەزیری دارایی بۆ خەرجکردنی پارەکە، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی کۆمپانیاکە پارەکەی وەرنەگرتووە، ئەمەش وایکرد کۆمپانیایەکە دەرمانەکانی بکشێنێتەوە”.

 تەندروستی رانیە، کشاندنەوەی دەرمان لە کۆگاکەی لەلایەن کۆمپانیای دابینکاری دەرمان رەتناکاتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات کە دەرمان لە کۆگاکان کەمی کردووە.

پێشڕەو خالید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین بە +964 ـی راگەیاند؛ راستە دەرمان لە کۆگاکان کەمی کردووە، بەڵام بەو شێوەیەش نیە کە هەر نەمێنێت.

وتی “ساڵانە لەم کاتەدا لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ، حیساباتی خۆیان دەکەن چونکە تا ١٥ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٣، هیچ مەمەڵەیەک یان کڕین ئەنجام نادرێت، بۆیە ئەوان دەرمانی پێویستیان بۆ بەشی نەشتەرگەری و بەشی فریاکەوتن بە زیادەوە دابینکردووە و پەکیان ناکەوێت، هیچ کێشەک لەم دوو بەشە دروست نابێت و دوای سەری ساڵیش گرفتی کەمی دەرمان چارەسەردەکەین”.