زۆربه‌ى گونده‌كانى ته‌قته‌ق خه‌ریكن

ئێستا وەرزی دروستکردنی “داندۆک”ە

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان، ئێستا وه‌رزى دروستكردنى داندۆكه‌، له‌ناو ئه‌و ناوچانه‌ش سنوورى ناجیه‌ى ته‌قته‌ق ناودارییه‌كی باشی بۆ دروستكردنى ئه‌و خواردنه‌ هه‌یه‌.

داندۆك، كه‌ له‌هه‌ندێك ناوچه‌ “دۆینه‌”شی پێده‌ڵێن، خواردنێكی كۆنى كورده‌وارییه‌، له‌ گه‌نم و دۆ، یاخود ماست دروستده‌كرێت.

سه‌ره‌تا گه‌نمه‌كه‌ بژار ده‌كرێت، له‌ ئاش ده‌هاڕدرێت، گەنمە وردبووه‌كه‌ لە ناو مەنجەلێک تێکەڵ بە ماست یاخود دۆ ده‌كرێت.

گیراوه‌كه‌، به‌ ده‌ست ده‌شێلدرێت، تاوه‌كو وێنه‌ى هه‌ویر تێكه‌ڵی یه‌كترى ده‌بن، پاشان ئه‌و هه‌ویره‌، هه‌ر به‌ده‌ست له‌ شێوه‌ى بازنه‌یی خڕ پان ده‌كرێته‌وه‌ و بۆ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك له‌سه‌ر بان، ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێك له‌به‌ر تیشكى خۆر داده‌ندرێت تاكو وشك و ره‌ق ده‌بێته‌وه‌.

له‌ زۆربه‌ى گونده‌كانى ناحیه‌ى ته‌قته‌ق ساڵانه‌ به‌به‌رده‌وامى خه‌ڵكه‌كه‌ى خه‌ریكی دروستكردنى داندۆك ده‌بن، بۆ ئه‌مساڵیش له‌ گونده‌كان ده‌ستیپێكردووه‌.

له‌ كۆنه‌وه‌ ئه‌و خواردنه‌ له‌ كورده‌وارى خوراوه‌، به‌تایبه‌تیش بۆ وه‌رزى زستانان.

به‌قسه‌ى عه‌لى حه‌سه‌ن ته‌مه‌ن 73 ساڵ، خه‌ڵكی گوندى  شه‌وگێڕ، له‌ سنوورى قه‌زاى كۆیه‌، كه‌ زۆربه‌ى خه‌ڵكى گونده‌كه‌ی ساڵانه‌ داندۆك دروستده‌كه‌ن، وه‌ك له‌ كۆنه‌وه‌ زانیویه‌تى ئه‌و خواردنه‌ رێگرى له‌په‌تای‌ هه‌ڵامه‌ت و دووریشت ده‌خاته‌وه‌ له‌سه‌رما بوون.

وتیشی “وزه‌ و پرۆتینێكی‌ زۆری‌ تێدایه‌، به‌و پێیه‌ی‌ به‌شێوه‌ی‌ سروشتی‌ دروست ده‌كرێت و له‌به‌رهه‌می‌ تێكه‌ڵكردنی‌ دانه‌وێڵه‌ و شیره‌مه‌نیه‌.

به‌قسه‌ى ناوبراو، سودێكی‌ تری‌ داندۆك، مه‌ترسی‌ قه‌ڵه‌وبوون و نه‌خۆشی‌ دڵ و فشاری‌ خوێنی‌ لێناكه‌وێته‌وه‌.