"تا دروستکردنی هاوسەنگیی حکومڕانی بەردەوام دەبین"
یەکێتی: بۆ دروستکردنی فشاری زیاتر بەشداریی شاندەکەی بەغدامان نەکرد
“تا دروستکردنی هاوسەنگیی حکومڕانی بەردەوام دەبین”
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هیچ نوێنەرێکی لەو شاندەی حکومەتی هەرێمدا نیە کە سەردانی بەغدایان کردووە. ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەو حزبەش دەڵێ، هۆکارەکەی بۆ دروستکردنی فشاری زیاترە لەسەر حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان.
شەوی رابردوو، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بودجەو نەوت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی +964 هیچ بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لە حکومەت، لە شاندەکەدا نەبوون.
حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی بەشدار نەبوونی تیمی یەکێتی لە حکومەت لە شاندەکەدا دەڵێ؛ مەبەستمانە فشاری زیاتر لەسەر پارتی و حکومەت دروست بکەین، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بەشداری نەکردنی تیمی یەکێتی بوو لە حکومەت لە شاندەکەدا.
ئەمە دووەمین شاندی حکومەتی هەرێمە سەردانی بەغدا بکات، دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەردانی یەکەمی شاندەکەدا لە ٢٧ـی مانگی رابردوو، هەریەکە لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەشدار بوون کە شاندەکە بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی بوو.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان حەوت وەزیرو پێنج بریکاری وەزیرو سێ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە دەستە
“ئێمە بەردەوامین لە دروستکردنی فشار بۆ سەر پارتی و حکومەتی هەرێم، بەشدارینەکردنیشمان لەو وەفدەدا بۆ هەمان هۆکار دەگەڕێتەوە تا هاوسەنگیی بۆ حکومڕانی بگەڕێتەوە”، حەسیبە عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی وای بە +964 وت.
دەشڵێت، یەکێتی بەشداری سەرەکیی حکومەتە و پشکی هەیە، سەربەستیشە لەوەی کێ لا دەبات و کێ دادەنێ، “بەڵام پارتی پۆستەکانی یەکێتیی قۆرغ کردووە و ڤیتۆی لەسەر ئەو کاندیدانە داناوە کە دەیەوێت لە پۆستەکان دایان بنێت.”
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و تیمی یەکێتی لە حکومەتدا چەند هەفتەیەکە بایکۆتی کارەکانیان لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم کردووە.
سەرکردایەتییەکەی یەکێتی جەخت لەوە دەکاتەوە، “یەکێتی داوای دروستبوونی هاوسەنگی دەکات لە حکومڕانیدا و تا جێبەجێکردنی ئەوەش لە فشارکردنەکانی بەردەوام دەبێت.”
+964 دەزانێت، تیمی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت لە حەوت وەزیر و پێنج بریکاری وەزیرو سەرۆکی سێ دەستەو جێگری سەرۆکی یەک دەستە.
پۆستەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران:
– شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
– ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
– محەمەد سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان
– دارا رەشید، وەزیری پلاندانان
– بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
– خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانووستان، ئێستا لە حکومەتی عێراق وەزیری دادە و پۆستەکەی پڕنەکراوەتەوە
– د. رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی
– عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
– حەکیم ولیا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە
– ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان
– لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا دەوام ناکات
سەرۆکی ئەو دەستە و دەزگایانەشی کە پشکی یەکێتین و پلەکانیان وەزیرە:
– ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار
– جەبار مستەفا ئەمین، سەرۆکی دەزگای کاروباری مین
– فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
– جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان