وەلی کەریم دیسان پەشیمان بووەوە و گرێبەستەکەی نوێکردەوە

+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی

دوای ئەوەی لە لایەن دەستەی کارگێری یانەکەوە دەستلەکارکێشانەوەکەی رەتکرایەوە، وەلی کەریم گرێبەستەکەی لەگەڵ نەورۆز بۆ وەرزی داهاتوو نوێکردەوە.
ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە 27. 7 لە بارەگای یانەی وەرزشی نەورۆز و بە ئامادەبوونی هێرش کەمال، جێگری سەرۆکی یانەکە، گرێبەستی وەلی کەریم راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەکە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق نوێکرایەوە.
جێگر عەبدوڵا سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی نەورۆز بە 964ـی راگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی خولی عێراق، کاپتن وەلی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی یانەکە کرد.
وتیشی، هەر لە سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێریی یانەکە و تەنانەت بەشێکی زۆریش لە هاندەران، بەو داوایەی راهێنەر رازیی نەبوون، سەرەنجام ئەم ئێوارەیە لە بارەگای یانە، وەلی کەریم گرێبەستەکەی بۆ وەرزێک لەگەڵ یانەکە نوێکردەوە.
لە وەرزی رابردووی خولی تۆپی پێ ی یانە پلە نایابەکانی عێراق، یانەی نەورۆز بە کۆی 51 خاڵ پلەی 10 یەمی ریزبەندی یانەکانی بەدەستهێنا.

وەلی کەریم لە وەرزی رابردووی خولی عێراق دەستیلەکارکێشایەوە، دواتر هاندەرانی یانەکە چوونە ماڵەکەی و پەشیمانیان کردەوە، هەروەها پێشتریش وازهێنانی خۆی راگەیاندبوو، بەڵام ئیدارەی یانەکە دەستبەرداری نەبوون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا