ڤیدیۆ: دوو یاریزانی ئێرانی په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌كه‌ن

+964

هێژا خەسرەو

تۆپی دەستی کچانی یانەی هەولێر بە چەند یاریزانێکی هەڵبژاردەی عێراقەوە بۆ پاڵەوانیەتی عێراق ئامادەن.

یارییەکانی پاڵەوانیەتی عێراق بۆ تۆپی دەستی کچان لە ناوەڕاستی مانگی هەشتی داهاتوودا دەکرێن و یانەی هەولێریش بە تۆکمەکردنی پێکهاتەکەی و مەشق و راهێنانی رۆژانەی، بە تەواوی بۆ یارییەکانی پاڵەوانیەتییەکە ئامادەیە.

دانەر سەباح راهێنەری کچانی تۆپی دەستی یانەی هەولێر قسەی بۆ 964 کردووە و وتی، “تیپەکەمان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە، باشترین یاریزانەکان لە تیپەکەماندا ئامادەن، هیچ یاریزانێکمان پێکانی ماوە درێژی نییە”.

دانەر وتی: شەش یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق لە یانەی هەولێر یاریی دەکەن، پاڵپشت بەم یاریزانانە و یاریزانەکانی دیکەی تیپەکەمان، رکابەری لەسەر نازناوی پاڵەوانیەتییەکە دەکەین، هەروەها دوو یاریزانی پیشەگەری ئێرانیش پەیوەندیی بە یانەکەمانەوە دەکەن.

یارییەکانی تۆپی دەستی کچانی عێراق لە رۆژی 15ـی مانگی هەشتی داهاتوو دەکرێت، هێشتا بڕیار نەدراوە خولەکە لە کام شار بەڕێوەبچێت و رۆژی 12ـی هەمان مانگ کۆبوونەوەی هونەری بۆ پاڵەوانیەتییەکە دەکرێت، هەر ئەو رۆژە بڕیار دەدرێت یارییەکان لە کام شاردا بکرێن، بەڵام بە رێژەیەکی زۆر سەرجەم یارییەکان لە بەغدا دەکرێن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا