یانەیەک خۆی کێشایەوە

کچانی سلێمانی و دەربەندیخان شەڕی کۆتایی دەکەن

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

پاڵەوانیەتی بالەی لاوانی کچانی یانەکانی عيراق لە کۆتایی نزیکبووەتەوە، هەردوو یانەی دەربەندیخان و سلێمانی گەیشتنە یاریی کۆتایی.
لە شەشەم رۆژی رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتییەکەدا دوو یاری لە قۆناغی پێش کۆتایی بەڕێوەچوون.
لە یاری یەکەمدا کچانی یانەی دەربەندیخان هەرچەندە بەرامبەر بە ئافرەتانی هەولێر گێمی یەکەمیان لە دەست دا، بەڵام دواتر سێ گێمی لەسەریەکیان بردەوە و سەرکەوتن بۆ یاری کۆتایی.

دواتر لە یاریی دێربی شاری سلێمانی هەردوو یانەکانی سلێمانی و ئەفرۆدێت بەیەک گەیشتن، یاریزانانی یانەی ئەفرۆدێت بە هۆکاری سزادانی راهێنەرەکەیان لە لایەن فیدراسیۆنی عێراقەوە، کە لەسەر راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر دەربەندیخان سزادراوە، یارییەکەیان ئەنجام نەدا و بەوەش یانەی سلێمانی بە براوە دانرا.
سەنگەر مستەفا راهێنەری یانەی ئەفرۆدێت بە 964ـی راگەیاند، لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر دەربەندیخان، لە لایەن ناوبژیوانەوە رووبەرووی بڕیاری نادروست دەبوونەوە ، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی ناوبژیوان بە کارتی سوور بیکاتە دەرەوە، سەرەرای ئەو ناهەقیانەش لە یاریی ئەمڕۆدا نەیانهێشتووە لە یاریی یانەکەی بەرامبەر بە سلێمانی ئامادەبێت.
وتیشی، هەربۆیە بڕیاری داوە یاریزانەکانی یاریی نەکەن وەک وەڵامێک بۆ ئەو بڕیارەی فیدراسیۆنی عێراق، لەسەر راپۆرتی ناوبژیوانەکە لەسەری جێبەجێیان کردووە.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە بە دوو یاری، کۆتایی بە پاڵەوانیەتییەکە بێت، سەرەتاش بۆ دیاریکردنی پلەی سێیەم و چوارەم هەردوو یانەکانی ئافرەتانی هەولێر و ئەفرۆدێت رووبەروی یەکدەبنەوە و دواتریش یانەکانی سلێمانی و دەربەندیخان یاریی بەدەستهێنانی نازناوەکە دەکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا