نەوتی کوردستان هێشتا وەستاوە

عێراق لە فرۆشتنی نەوتی یەک مانگ 7 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا داهاتی فرۆشی نەوت زیاتر بووە لە حەوت ملیار دۆلار، سەرەڕای خستنەڕووی ئەو داتایانەش، بەڵام هێشتا هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دیار نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، داتای فرۆشتنی نەوتی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، بە جۆرێک لە ماوەی ئەو مانگەدا بە بەهای حەوت ملیار و 179 ملیۆن و 760 هەزار دۆلار نەوتیان فرۆشتووە.

عێراق لە ماوەی مانگی حوزەیراندا 100 ملیۆن و 59 هەزار و 52 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، دەکاتە بۆ هەر رۆژێک زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت، بە پێی داتاکانی وەزارەتی نەوت، هەر بەرمیلێکی بە 71 دۆلار و 75 سەنت هەژمارکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، نرخی نەوت لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەی پێوانەیی بەراورد بە چەند مانگی پێش خۆی تۆمارکردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 82 دۆلار و 45 سەنتە.

خستنەڕووی ئاماری فرۆشتنی نەوتی عێراق لە کاتێکدایە، لە رۆژی 23.3.2023 دادگای ناوبژیوانیی پاریس فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بە نایاسایی ناساند و لە رۆژی 4.4.2023 هەرێم و بەغدا رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتیان واژۆ کرد، بەڵام تا ئێستا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستیپێنەکردووەتەوە.

عێراق ئەو نەوتەی لە مانگی حوزەیران بە 33 کۆمپانیای جیهانی فرۆشتووە.

لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ، وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری دا لە سەرەتای مانگی ئایار 211 هەزار بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە ئەمەش لە پێناو سەقامگیریی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهاندا.