٣٥ کۆچبەری کورد لە خنکان رزگار کران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣٥ کۆچبەری کورد کە لە سنورە ئاوییەکانی فەرەنسا گیریان خواردبوو، لە خنکان رزگارکران.

رۆژنامەنوس رەنج پشدەری بە 964+ی راگەیاند، ٣٥ کۆچبەری کورد دوێنێ ئێوارە ویستویانە لە رێگەی سنورە ئاوییەکانی فەرەنساوە خۆیان بگەیەننە بەریتانیا، بەڵام بەهۆی شەپۆلی زۆرەوە نەیانتوانیوە لە گەشتەکەیان بەردەوام بن.

کۆچبەرەکان ماوەی چوار کاتژمێر لە ئاودا ماونەتەوە تاوەکو لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە رزگار کراون.

“شەوی رابردوو کۆچبەرەکان پەیوەندییان بە پۆلیسی فەرەنساوە کردبوو وەڵامیان نەدابوونەوە، تا ئێمە پەیوەندیمان بە رێخراوەکانەوە کرد ئەوکات چون بەهانایانەوە،” رەنج پشدەری وای وت.

رۆژی ١ی مانگی رابردوو لە ئاوەکانی یۆنان یەختێک بە ٧٣ سەرنشینەوە کە بەشێکیان کورد بوون، نقووم بوو و دواتر تەرمی ٢٩ کۆچبەر دۆزرانەوە کە ١٣ کەسیان منداڵ بوون.