کێشەکەی پردی دەلال لە نێوان زاخۆ و موسڵ چارەسەر بوو

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

دوای ئەوەی دروستکردنی پردێکی هاوشێوەی پردی دەلال لە زاخۆ لە شاری موسڵ دروستکرا نارەزایەتی ئیدارەی زاخۆ و گەشتوگوزاری لێکەویەوە.

ئەمڕۆ شاندێکی شاری موسڵ کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری شوێنەوار و گەشتوگوزار سەردانی زاخۆیان کردوو گەشتنە چارەسەر و کێشەکەیان کۆتایی هات.

چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ بە 964ـی وت، مادەی بەکارهێنانی هەردوو پردەکە لەیەک جیان و پردی دەلال بەمێژوو و دیزاینەکەی بەناوبانگە ئیتر هەموو لایەک دەزانێت کام پردە رەسەنە و مێژووییە.

خەیرەدین ئەحمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری موسل بە 964ـی وت، “تێگەیشتنێکی هەڵە لە نێوان ئێمە و ئەوان دروستببوو کە پردەکەی ئێمە هاوشێوەی پردی دەلالە، لە راستیدا جیاوازییەکی زۆری هەیە و دیارترینیان کەوانە گەورەکەی پردی موسڵ بازنەییە، کەچی هی پردی دەلال هێڵکەییە و درێژی پردی دەلال 140 مەترە و هی موسڵ 22 مەترە،

وتیشی، “دەمەوێت بڵێم مێژووی دروستکردنی هەردووکیان لەیەک نزیکە بەڵام شێواز و چونیەتی و شکڵیان جیایە.

محەمەد ئەحمەد، بەرێوەبەری شوێنەواری زاخۆ بۆ 964 وتی: ئەوان دەڵێن مێژووی هەردووکیان بۆ 800 ساڵ دەگەڕێتەوە خۆی لە راستیدا مێژووی پردی دەلال بۆ 1500 ساڵ دەگەڕێتەوە.

دەشڵێت، پێشتر رامانگەیاندبوو هاوشێوەی پردی دەلالە و ئێمە سکاڵا توماردەکەین، بەڵام بە قسەی ئەوان دەرکەوت وەکو پردی دەلال نییە و درێژییەکەی 22 مەترە کەچی هی ئێمە 140 مەترە.

بەرپرسانی شوێنەوار و گەشتوگوزاری زاخۆ بۆیان دەرکەوت کە هەردوو پردەکە وەک یەک نین و بڕیاریان داوە ئەوانیش بچنە موسڵ و لە نزیکەوە پردەکەی ئاسکی موسڵ ببینن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی