ساڵی رابردوو 72 حاڵەت هەبووە
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 56 هاوڵاتی خنکاون
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 56 حاڵەتی خنکان لە هەرێمی کوردستان روویداوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکان رێکار دەگرنەبەر.
ئەمڕۆ سێشەممە 25.7.2023 کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خنکان، وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ دەستەی ژینگە و بەڕێوەبەرانی بەرگری شارستانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان چەند بڕیارێکیان بۆ ئەو شوێنانە دەرکردووە کە مەلەی تێدا دەکرێت.
لەمەودا دەبێت قوڵایی ئەو شوێنانەی مەلەی لێدەکرێت دیاری بکرێن و ئەوانەی بۆ مەلەکردن مەیترسیدارن جیابکرێنەوە و تابلۆ و پۆستەری هۆشیاریان لێ هەڵبوواسرێت.
سروە رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی هەماهەنگی قەیرانەکان JCC بە 964ـی وت “لەو شوێنانەی مەلەی لێدەکرێت ئەمبوڵانسیان لێ دادەندرێت و تیمەکانی بەهاناوەچوونیش بەپێی شوێنەکان دابەش دەکرێنەوە”.
حاڵەتەکانی خنکان بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ بەهۆی کەمی هۆشیاری هاوڵاتیانە لەناوچە گەشتیارەکان.
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 72 حاڵەتی خنکان هەبووە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد