هەڵمەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لەگەڵ پۆلیسی قایمقامی هەولێر، دوکانێکی نێرگەلەفرۆشی دادەخەن. وێنە:ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، ئەم وێنەیە تایبەت نییە بەم بابەتەو بۆ روونکردنەوەیە
پارکەکانی ناو بازاڕیان کردبوو بە شوێنی نێرگەلە کێشان
964+
فەهمی نەبی
ئەندازەی پارکەکانی هەولێر 12 دوکانی سزاداوە، چونکە شەوان درەنگ کورسی و نێرگەلەیان بۆ موشتەریەکانیان لەناو پارکەکانی بازاڕ داناوە.
ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە، ئەو دوکانانەیان داخستووە کە شەوان کورسی و نێرگەلیان لە هەریەکە لە چیمەنی پارکی ناوشار، پارکی تەنیشت تەلاری پارێزگا، پارکی تەنیشت تەلاری قایمقامەت و پارکی فولکەی گازینۆ عەنتەر داناوە.
سەروەر وەیسی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ماوەیەکە چەند دوکاندارێکی دەوروبەری قەڵای هەولێر، شەوان لە سەعات 11 بۆ پێنجی بەرەبەیان، کورسیان دەبردە ناو چیمەنی ئەو پارکانە و نێرگەلەیان بۆ موشتەریەکانیان دادەنا، ئەمە وایکردبوو چەندین شوێنی چیمەنەکانی ئەو پارکانە بسوتێن.
بەوتەی سەروەر وەیسی، ئەوان ئەمڕۆ لەگەڵ پۆلیسی قایمقامیەتی هەولێر ئەو هەڵمەتەیان دەستپێکردووە، 12 دوکانیان داخستووە و دەستیانگرتووە بەسەر 32 نێرگەڵەدا گرتووە.
“مەرجمان بۆ داناون کە بەیانی دەبێت لە ژووری یاسایی قایمقامییەت بەڵێناممە پڕبکەنەوە، ئینجا کلیلەکانیان دەدرێتەوە، پێچەوانەی ئەوە دووبارە بێتەوە قوفڵ لە دوکانەکانیان دەدەینەوە” سەروەر وەیسی وای وت.
شاری هەولێر 450 پارکی گەورە و بچووک و دارستانی هەیە، ئەو پارکانەی ناو شار وەک پارکی بچووک هەژمارکراون.