سودانی: بەشێکی دیکەی پارەکانی دزی سەدە گەڕێندرایەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ١٣٤ ملیار و ٤٥٥ ملیۆن دیناری دیکەی داهاتی باج گەڕێندرایەوە و پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارەکان و راوەدوونانی تاوانبارانی “دزی سەدە” بەردەوامە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پارەکە بەشێوەیەکی یاسایی خرابووە سەر هەژماری لقی سەرەکی بانکی رافیدەین لە بەغدا.
پارە دزراوەکانی داهاتی باج بە زیاتر لە ٣.٧ ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت کە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى ٢٠٢١ و ئەیلوولى ٢٠٢٢ لە بانکی رافیدەین براوە و دزییەکەش بە “دزى سەدە” ناوى دەرکردووە.
بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی وەزیران، تا ئێستا تێکڕای پارە گێڕاوەکان دەگەنە ٣١٧ ملیار و ٥٣٥ ملیۆن و ٥٣٦ ھەزار و ٥٢٥ دینار.
“پرۆسەکانی گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و راوەدوونانی تۆمەتبارەکان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام دەبێت،” نوسینگەی راگەیاندنی سودانی وای وت.
دوێنێ رۆژی ١٠ی کانونی یەکەم لەسەر هەمان کەیس، بە تۆمەتی وەرگرتنی بڕێک پارە لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی زانیاریی لەبارەی دۆسیەی دزینی ٣.٧ ترلیۆن دینارەکەی بانکی رافیدەین، رۆژنامەوانێک دەستگیرکرا.
ئەگەر رۆژنامەوانەکە تۆمەتەکەی بەسەردا ساغببێتەوە، سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت.
مانگی رابردووش ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتی، دەستگیراوە بەسەر ٥٥ خانوبەرە لە بەغدا، هەروەها ١٦٧ ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دینار پارەی تۆمەتبار و خێزانەکانیان بلۆک کراوە لەگەڵ ١٠٨ ملیار دینار پارەی کاش.
فەرمانگەى یاسایی بانکى ناوەندى عێراقیش نوسراوێکی ئاراستەى سەرجەم بانکەکان کردووە داوا دەکات بە شێوەیەکى کاتى پارەى گواستراوە و نەگواستراوەى هاوژین و منداڵەکانى چوار سەرمایەدار بلۆک بکەن.