شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر نەوت و بودجە گەیشتە بەغدا

+964

فەرمان سادق

بەمەبەستی بەردەوامیدان بە دانووستاندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی نەوت و بودجە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند؛ بەمەبەستی بەردەوامیدان بە دانووستاندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ١٠ـی كانوونی یه‌كه‌م، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا.

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست +964 کەوتووە، فەرمانگەی میدیاو زانیاری روونیدەکاتەوە کە شاندی حکومەتی ھەرێم لەسەر پرسی بودجە و نەوت گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئەنجامدەدەن.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری، هیچ زانیارییەکی لەسەر پێکهاتەی شاندەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەوە دووەم شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق سەردانی بەغدا بکات.

شاندی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێكهاتبوو لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، دارا رەشید وەزیری پلاندانان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ٢٧ـی مانگی رابردوو سەردانی بەغدایان کرد.

شانده‌كه‌ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور، دۆسییەی ماددەی 140، دۆسییەی نەوت و گاز، بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز) سه‌ردانی به‌غدایان كردووه‌.