له‌ كه‌مپی ئاشتى منداڵێک گیانی لە دەستدا

+964

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانى

لە رووداوێكی ئاگركەوتنەوەدا لە خێوەتێكی كه‌مپی ئاشتی لە عەربەت منداڵێكی دوو ساڵان گیانى له‌ده‌ست دا.

+964 دەزانێت، رووداوەکە دوێنێ روویداوە بەڵام ئیدارەی کەمپەکە هەوڵیدا پەردەپۆشی بکات و میدیاکان پێی نەزانن، بەڵام گیانلەدەستدانی منداڵە دوو ساڵانەکە هەواڵەکەی گەیاندە کەناڵەکانی میدیا.

ئارام عەلی وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە +964 ی راگەیاند، رووداوەكە دوێنێ ھەینی بەهۆی شۆرتی كارەباوە لە خێوەتی خێزانێكی كه‌مپەكە روویداوە.

وتیشی “خێوەتەكە بە تەواوی سووتاوە و بەهۆیەوە منداڵێكی تەمەن نزیكەی دوو ساڵان گیانی لەدەستداوە”.

باسی لەوەشکرد، تەنھا ئەو خێوەتە سوتاوە و ھیچ کەسێکی دیکە زیانى پێنه‌گه‌یشتووه‌.

كه‌مپی ئاشتی لە ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانیە، نزیكەی هەزار و ٨٥٥ خێزانی ئاوارەی پارێزگاكانی سەڵاحەدین، شەنگال و نەینەوای لێ نیشته‌جێیه‌