لە ماوەی دوو مانگدا 600 کێڵگەی پەلەوەری لە کارکردن وەستاون

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 600 کێڵگەی پەلەوەری لە هەرێمی کوردستان لە کارکردن وەستاون و 25 ملیار دیناریش زیانیان کردووە.

هۆکارەکەی بۆ نەخۆشی، کەمی نرخ، هێلکەی بێکوالێتی و بوونی چەندان جۆری ڤاکسین لە بازاڕەکاندا دەگەڕێندرێتەوە.

نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان بە 964ی راگەیاند، یەکێکی تر لە کێشەکانیان هاوردەکردنی مریشکی بەستووە و چەندان جار داوایان کردووە قەدەغە بکرێت بەڵام نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەت هاوکاریمان ناکات، نە مریشکمان لێوەردەگرێتەوە، نە پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆ دەکات لەکاتێکدا ئێمە بەشێکین لە ئاسایشی خۆراکی ئەم وڵاتە”.

لە هەرێمی کوردستان 1950 کێڵگەی بەخێوکردنی مریشکی یاسایی هەیە کە 2850 هۆڵیان هەیە و 600 کێڵگەی دیکەی نایاساییش هەیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی