ئەمڕۆ رۆژی لەدایکبوونیەتی

سارتەر؛ ئەو فەیلەسوفەی تەنیا بۆ وشەکانی ژیا

964+

پێشەوا محەمەد

لە 21.7.1905ـدا، کوڕێک لە دڵی فەڕەنسادا، لە شاری پاریس لەدایک دەبێت و ناوی لێدەنرێت ژان پۆڵ سارتەر. ئەو دواتر بوو بە یەکێک لە گەورەترین عەقڵەکانی دونیا و پرسی ئازادی و بوونگەرایی کرد بە سەرچاوەی بیرکردنەوەکانی.

باوکی سارتەر ئەفسەری هێڵی ئاسمانی بوو، دوای ماوەیەکی کەم لە هاتنەدنیای سارتەر، باوکی گیان لەدەستدەدات. دایکی شوو ناکاتەوە و سارتەریش لای باپیری دەمێنێتەوە، کە مامۆستای زمانی بیانی بووە و خوێنەر و خاوەن کتێبخانەیەکی گەورە بووە.

لەدوای ساڵی 1925ـەوە، کە لە پەیمانگای باڵای پاریس وەردەگیرێت، سارتەر رێگە دوورودرێژەکەی بوواری فەلسەفە و فەلسەفەی مارکسی دەستپێکرد و چوار ساڵ دواتر بوو بە مامۆستای فەلسەفە.

ئەو ساڵانە بوو کە سیمۆن دیبۆڤواری ناسی، کە دواتر بووە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ژیانی ژان پۆڵ سارتەر، هەم لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا هەم لە ژیانی فیکریدا.

جەنگ و دوو کتێبی گرنگ

سارتەر لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهانی چووە بەرەی جەنگ و لە لایەن نازییەکانەوە دەستگیر کرا و دوای چەند مانگێک لە بەندیخانە ئازاد کرا.

لە ساڵی 1943دا، کە هێشتا جەنگ بەردەوام بوو، دوو لە بەناوبانگترین کارەکانی خۆی بڵاوکردنەوە، کە بنەما فەلەسفەییەکانی خۆی دەربارەی بوونگەرایی تێدا داڕشتبوون. ئەوانیش؛ شانۆگەریی مێشەکان و کتێبی هەبوون و نەبوون بوون.

“بە هۆی ئازادییەوە مرۆڤ دەتوانێت خۆی و جیهان بگۆڕێت”

ژان پۆڵ سارتەر پێی وایە ئازادی ماهییەتی مرۆڤ نییە، بەڵکوو ئازادی شتێکە مرۆڤ دەتوانێت لە رێگەیەوە ماهییەتی خۆی پێ بەدیبهێنێت. ئەو دەڵێت، ئازادی توانایەک دەدات بە مرۆڤ، کە لە رێگەیەوە دەتوانێت خۆی و جیهانیشی پێ بگۆڕێت و توانای مرۆڤیشە بۆ نوێکردنەوەی جیهان و ژیانێکی باشتر.

لای سارتەر ئازادی یەکسانە بەرامبەر بەرپرسیارێتی. یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی ئەوەیە، “مرۆڤ دەبێت ئازادبێت، چونکە بە بێ ویستی خۆی فڕێدراوەتە ناو دنیاوە، بەڵام بەرپرسیارە بەرامبەر هەرکارێک کە دەیکات”.

رەتکردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ

لە پای کارە ئەدەبییەکانی، ساڵی 1964 ئەکادیمیای خەڵاتی نۆبڵ لە سوێد خەڵاتەکەی بە ژان پۆڵ سارتەر بەخشی، بەڵام ناوبراو رەتیکردەوە.

خۆی لە چاوپێکەوتنێکی یەکێک لە رۆژنامە سوێدییەکاندا هۆکارەکەی روونکردووەتەوە و دەڵێت، “رەتکردنەوەی خەڵاتەکە هەڵوێست و بیرۆکە و بڕوای منە سەبارەت بە پڕۆژەی نووسەرێک کە هەڵگری پێگەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئەدەبییە. دەبێت تەنیا بەو مانایانە کار بکات کە موڵکی خۆین، کە ئەویش وشە نووسراوەکەیە. هەموو ئەو رێزلێنانانەی کە رەنگە وەریان بگرێت، خوێنەرەکانی دەخاتە ژێر گوشارێکەوە، کە بەلای منەوە خوازراو نییە. گەر من ناوی خۆم بە ژان پۆڵ سارتەر بنووسم هەمان شت نییە و جیاوازی زۆرە لەگەڵ ئەوەی ناوی خۆم بە ژان پۆڵ سارتەر – براوەی خەڵاتی نۆبڵ بنووسم”.

بەڵام ساڵانێک دواتر، رۆبەرت گالیمار، خاوەنی بڵاوکراوەی بەناوبانگی گالیماری فەڕەنسی، کە بڵاوکەرەوەی کتێبەکانی سارتەرە دەڵێت، “سارتەر دواتر پەشیمان بووبووەوە لە وەرنەگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، ئەویش لەبەر بەها داراییەکەی خەڵاتەکە نەک ناوبانگەکەی، چونکە سارتەر کەسێکی زۆر بەخشندە بووە و دەیویست بە پارەکەی باشتر هاوکاری کەسانی چواردەوری بکات”.

“مرۆڤێک بوو هەرگیز لە بیرکردنەوە نەدەکەوت”

سیمۆن دیبۆڤوار، کە دواتر بەشێک لە یاداشتەکانی سارتەری نووسییەوە دەڵێت، “سارتەر لەوانە بوو هیچکات لە بیرکردنەوە نەدەکەوت، کەسێکی لوتبەرز و خۆهەڵکێش نەبوو، بەڵام هەمیشە مێشکی لەجۆشدابوو، تا ناسینی سارتەر پێموابوو من نموونەم، چونکە ژیانم لە نووسین و کتێب جیانەدەکردەوە، بەڵام سارتەر خودی ژیانی بۆ نووسین دەویست و پێیوابوو، کەسێک کە شتێکی بۆ وتن پێبێت خیانەت دەکات کە سەرقاڵی هەوەسبازی و مەشروبخواردن و مادە هۆشبەرەکان بێت”.

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئەو فەیلەسوفە گەورەیەی دنیایە. سارتەر لە رۆژگاری خۆیدا، کەس نەبوو شان لە شانی بدات. هەمان ئەو پێگەیەی هەبوو کە ڤۆڵتێر لە سەدەی هەژدەهەم و فیکتۆر هیگۆ لە سەدەی نۆزدەهەم هەیانبووە.

سارتەر ساڵی 1980 و لە تەمەنی 75 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.