پێنج کەسیش بریندارن

لە رووداوێکی هاتوچۆدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەهۆی پێکداکێشانی دوو ئۆتۆمبێلەوە لە قەزای شارەزوور سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.

رووداوەکە کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 21.7.2023 لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا کرۆلا و تۆیۆتا کامری لە گوندی تەپی کەرەمی نێوان ناحیەی زەڕایەن و قەزای سەیدسادق روویداوە.

964 لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئوف بەگەوە دەزانێت، لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا ماڵباتی دوو خێزان هەبوون، کە دانیشتووی قەزای شارەزوور بوون.

بە پێی زانیارییەکان، منداڵێک و پیاوێکی بە تەمەن و ژنێک گیانیان لەدەستداوە و پێنج برینداریش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور.

“بەهۆی ناجێگیریی باری تەندروستیانەوە، سێ برینداریان بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بەڕێکراون و ئەو دوانەی ماونەتەوە شۆک بوون و نازانن چیان بەسەرهاتووە”، ئەوەش هەر زانیاریی نەخۆشخانەکەیە دراوە بە 964.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد