دوا واده‌ بۆ ئێمباپێ دیاریی كرا

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان پشتڕاستیان کردەوە، سه‌رۆكی یانه‌ی پاریس سانجێرمان دوا واده‌ی بۆ ئێمباپێ دیاریی كردووه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی، یان رۆیشتن له‌ یانه‌كه‌.

ناسڕ خلێفی ئه‌مڕۆ له‌ یه‌كه‌م مەشق و راهێنانی یانه‌ی پاریس سانجێرمان بۆ وه‌رزی نوێ ئاماده‌بوو، به‌ڵام هیچ بابەتێکی تایبەتی لەگەڵ ئێمباپێ باس نه‌كرد.
بەگوێرەی تۆڕی “rmcsport”، خلێفی دوو هەفتەی بە ئێمباپێ داوە بۆ بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوونی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، یان رۆیشتن له‌ یانه‌كه‌.
یانه‌ی ریال مه‌درید نزیكترین یانه‌یه‌ ئێمباپێ بباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌.

پێشتریش خلێفی رایگەیاندبوو، یاریزانە ناڕازییەکان دەتوانن ریزەکانی پاریس سانجێرمان جێبهێڵن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ لێدوانەکانی ئێمباپێ، کە تێیدا یانە فەڕەنسییەکەی بە “دابەشکراو” وەسف کردبوو.

هۆشداریی یه‌كه‌می خلێفی بۆ کیلیان ئێمباپێ لە 21ی ئه‌م مانگه‌ كۆتایی دێت، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی ئه‌و هۆشدارییه‌ نوێیه‌، دوا واده‌ ده‌بێته‌ 31ی ئه‌م مانگه‌، کە دوا رۆژە لە چالاککردنی بژاردەی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە، ئەمەش ئەو بڕگەیەیە کە یاریزانه‌كه‌ رایگه‌یاند نایه‌وێت كارای بكات.

رۆیشتنی ئێمباپێ بە خۆڕایی، پاریس سانجێرمان تووشی کێشەی گه‌وره‌ی دارایی دەکات، به‌ تایبه‌تی له‌ بابه‌تی یاسای یاریی دارایی خاوێن، ئه‌وكاتیش یانه‌كه‌ ناچار ده‌بێت سێ یاریزان یان زیاتر بفرۆشێت و بڕی 175 ملیۆن یۆرۆ پاشەکەوت بکات، بۆ ئەوەی لە كێشه‌ی یاسایی دووربکەوێتەوە.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ رۆژانی داهاتوودا چاره‌نووسی ئێمباپێ یه‌كلاببێته‌وه‌ و زۆرترین ئه‌گه‌ریش ئه‌وه‌یه‌ رووبكاته‌ یانه‌ی ریال مه‌درید.