لە دواوێسگەی خولی عێراق نەورۆز ئامادەیە بۆ جەوییە
+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە دوا وێسگەی ئەم وەرزەی خولی عێراق، یانەی نەورۆز بەبێ پێنج یاریزانی سەرەکی، دوائامادەکاری بۆ رووبەڕووبونەوەی یانەی جەوییە ئەنجام دا.
هەرچەندە بڕیاربوو کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ، یانەی جەوییە لە یاریگەی سلێمانی دوایین مەشق و راهێنان بکەن، بەڵام بەهۆی درەنگ بەڕێکەوتنی تیمەکەوە لە شاری بەغدا، تیپەکە نەیتوانی راهێنان ئەنجام بدات، لە کاتژمێر شەشی ئێوارە یانەی نەورۆز دەستی بە مەشق و راهێنان کرد.
پرسیار عەبدولڕەزا یاریدەدەری راهێنەری یانەی نەورۆز بە 964ـی وت، هەرچەندە بەهۆکاری پێکان و راگیرانەوە، بێبەشن لە تواناکانی پێنج یاریزان، بەڵام ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی جەوییە.
وتیشی، یاریزانان هەوڵدەدەن لە دواگەڕی خولی نایابی عێراق ئاستی بەرز پێشکەش بکەن و بە ئەنجامێکی شایستە کۆتایی بە یارییەکانی ئەم وەرزە بهێنن.
لە یاریی سبەی نێوان نەورۆز و جەوییە، کە لە گەڕی کۆتایی خولی نایابی ئەم وەرزەی عێراقە، هەریەک لە یاریزانان دیار یاخی، ئیبراهیم غازی، حسێن عەبدولواحید، حسێن عەباس و ئەحمەد خالید ئامادەی یارییەکە نابن.
یارییەکە کاتژمێر پێنجی ئێوارە لە یاریگەی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا