بەرهەمی پەتاتەی بەردەڕەش هەزاران تۆنە و ساغ نابێتەوە

964+

زەید کۆچەر- دهۆک

جوتیارانی قەزای بەردەڕەش گلەییان هەیە لەوەی هەزاران تۆن پەتاتەیان بەرهەمهێناوە، کەچی بۆیان سا‌غ نابێتەوە، دەڵێن بەرهەمەکەیان بێبەها بووە و پارە ناکات.

ئەو جوتیارانەی کە لە بەردەڕەش پەتاتەیان بەرهەمهێناوە، لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان مشتەریان دەستناکەوێت، ناچار هەر تۆنێک پەتاتە بە 300 هەزار دینار دەفرۆشن بە بازرگانە عەرەبەکان.

حوسێن رۆژبەیانی، جوتیارێکی سنووری قەزای بەردەڕەشە، ئەو بە 964ـی وت، “زۆربەی پەتاتەکانمان لە ژێر زەوی بۆگەنیان کردووە، هۆکارەکەی ئەوەیە بڕێکی زۆر پەتاتە لە سنووری قەزای بەردەڕەش و دەشتی ناوکور چێندراوە و دەتوانین بڵێن پێنج جار هێندەی خواستی هەموو عێراقە”.

کرێی هەر تەغارێک لەو زەوییانەی کە لە بەردەڕەش بە پەتاتە چێندراون، نزیکەی سێ ملیۆن و 375 هەزار دینارە و جوتیاران دەڵێن بەشێکیان لە ئێستاوە بۆ ساڵی داهاتوو بەکرێ گیراون.

تەحسین گۆران، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش بە 964ـی وت، هۆکاری ساغنەبوونەوەی پەتاتە ئەوەیە، ئەمساڵ رێژەیەکی زۆر چێندراوە و پەتاتە لەلایەن بازرگانە عەرەبەکانەوە دەکڕدرێت.

تەنیا ئەمساڵ لە سنووری بەردەڕەشدا زیاتر لە 25 هەزار دۆنم پەتاتە چێندراوە و بەرهەمەکەی زیاترە لە 300 هەزار تۆن.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر