بێ هیچ ئاگادارییەک ئاوی بەنداوی دێرەلووک بەردراوەتەوە
964+
هەژین فەتاح – دهۆک
کاتژمێر 4:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، بە خێرایی رێژەی ئاوی زێی گەورە زیادی کرد، دواتر دەرکەوت ئاوی پڕۆژەی بەنداوی دێرەلووک بەردراوەتەوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکە دروست کرد.
بەنداوی دێرەلوک، دەکەوێتە گەلی رەشاڤە لە ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی، بەنداوەکە کارەبا بۆ قەزای ئامێدی دابین دەکات.
جەگەر محەمەد، یەکێک بوو لەو گەشتیارانەی لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاوی زێێ گەورە لەوێ بووە، بە 964ی وت، لەپڕ ئاوەکە زۆر زیادی کرد، بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان دەبێت ئاگاداری پێشوەختە هەبێت، بەم شێوازە زۆر مەترسیدارە.
ئەو گەشتیارە ئەوەش دەڵێت، لەو شوێنەی ئەو لێی بووە لەو کاتەدا، زیاتر لە 30 هاوڵاتی لەو ناوە بوون، کە ئاوەکە زیادی کردووە هەمووان دوورکەوتوونەتەوە.
رێبەر سادق گیزی، بەرێوەبەری ناحیەی دێرەلوک بە 964ی وت، “پێشتر وتوومانە بەبێ پرسی ئێمە نابێت ئاو بەربدرێتەوە، هێشتا نازانین زیانەکان چەندن، بەدواداچوون دەکەین”.
964 پەیوەندی بە حەسەن هروری کرد، کە بەڕێوەبەری پڕۆژەی هایدرۆپاوەری بەنداوی دێرەلووکە، بەڵام پەیوەندییەکەی وەڵام نەدایەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی