لە پلەی هەشتەمدایە

زیاتر لە 352 هەزار عێراقی سەردانی تورکیایان کردووە

964+

فەهمی نەبی

بە پێی ئاماری وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری تورکیا، لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵ، ژمارەی ئەو عێراقیانەی بۆ گەشت سەردانی تورکیایان کردووە زیاتر بووە لە 352 هەزار کەس.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری تورکیا، ئاماری پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی ئامارەکە هاوڵاتیانی روسیا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەن، کە بۆ گەشت سەردانی تورکیایان کردووە، بە جۆرێک لە ماوەی پێنج مانگدا یەک ملیۆن و 794 هەزار و 185 هاوڵاتی روسیا سەردانی تورکیایان کردووە.

عێراق لە پلەی هەشتەم دێت، کە 352 هەزار و 354 گەشتیاری سەردانی تورکیایان کردووە.

بە پێی ئامارەکە لە ماوەی پێنج مانگدا 15 ملیۆن و 593 هەزار و 489 گەشتیار سەردانی تورکیایان کردووە، بەمەش رێژەی گەشتیاری لەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی پێش خۆی %23.65 زیاتر بووە.

بە پێی بەدواداچوونێکی 964 لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم، خواستی گەشتیاری بۆ تورکیا لە پلەی یەکەم دێت و ئێران و لوبنان لە پلەی دووەم و سێیەم دێن.