هۆشدارى ده‌درێته‌ كۆمپانیاكان

“له‌ سۆران پارە وه‌رگرتن لە گەشتیاران بووه‌ته‌ دیارده‌”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گەشتوگوزاری سۆران ئاشكراى ده‌كات، له‌ سنووره‌كه‌یدا پاره‌ له‌ گه‌شتیاران وه‌رده‌گیرێت له‌ به‌رامبه‌ر چوونیان بۆ ناو سه‌یرانگه‌ و هاوینه‌هه‌واره‌كان، ده‌شڵێت، ئه‌م پاره‌ وه‌رگرتنه‌ ته‌نیا حاڵه‌تێك نیه‌، به‌ڵكو وه‌كو دیارده‌ى لێهاتووه‌.

دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی لەوەکردبوو، لەبەرامبەر چونەژورەوە بۆ ناوچە گەشتیاریەکان هیچ بڕە پارەیەک لە گەشتیار وەرناگیرێت و هەر شوێنێکیش سەرپێچی بکات رێکاری یاسای لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر و نابێت لە سەیرانگە و هاوینەهەوارەکان هیچ بڕە پارەیەک لە گەشتیاران وەربگیرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سۆرانیش دەڵێت “مەبەست لە راگەیەنراوەکەی دەستەی گەشتوگوزار تەنیا کۆمپانیا گەشتیارییەکانە نەک خودی سەیرانگا و هاوینەهەوار و بنکە گەشتیارییەکان”.

گه‌شتوگوزارى سۆران دواى سكاڵاكردنى ژماره‌یه‌كی  زۆرى گه‌شتیاران، بەدواداچونیان بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ كردووه‌، دەرکەوتوە کە وەرگرتنی پارە لە گەشتیاران لەلایەن هەندێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان ته‌نیا حاڵەت نیه‌، به‌ڵكو بووەتە دیاردە.

گه‌شتوگوزارى سۆران، سەرجەم کۆمپانیا گەشتیارییەکانى ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ خۆیان له‌و پاره‌ وه‌رگرتنه‌ بە دووربگرن، چونكه‌ ده‌ڵێت، کارێكی نایاساییە و هیچ پاساو و بیانویەک نیه‌ داوای پارە لە گەشتیاران بکرێت.

دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه‌ “هەر کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە بەرامبەر هاتنەژورەوەی گەشتیاران بۆ ناو سەیرانگە و هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەکان پارە لە گەشتیاران وەربگرێت، رووبه‌ڕووى لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە”.