بە فرۆکەی جەنگی گوندێکی شارباژێر بۆردومان کرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
کەمێک پێش ئێستا فرۆکەیەکی جەنگی بۆردومانی گوندێکی شارباژێری کرد لە سنووری پارێزگای سلێمانی و تا ئێستا زیانەکان نەزانراون.
شاهۆ عوسمان، قایمقامی شارباژێر بە 964+ی راگەیاند، بۆردوومانەکە بە فرۆکەی جەنگی لە رێگەی دوو مووشەکەوە ئەنجامدراوە و ناوچەیەکی لە گوندی سپیار کردووەتە ئامانج.
بە وتەی قایمقامی شارباژێر بۆردومانەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و “ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە کە دەڵێن ماڵێک بۆردومان کراوە.”
شارباژێڕ ناوچەیەکە لە باکووری پارێزگای سلێمانی، بەزۆری دەکەوێتە بەر هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا.
دواین جار ٢ی ئەم مانگە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا هێرشێکی لە چیای ئاسۆسی شارباژێڕ ئەنجامدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.