هێشتا سایلۆی روڤیا دەرگاکەی داخراوە

964+

فەهمی نەبی

زیاتر لە ساڵێکە سایلۆی ناحیەی روڤیا تەواو بووە، بەڵام هێشتا لەبەر بێ کارمەندی دەرگاکەی داخراوە.

سایلۆی روڤیا، پێویستی بە 57 کارمەند هەیە بۆ بەڕێوەبردن، لە مانگی حوزەیرانی 2022 تەواو بووە.

مەنهەل مۆفەق، بەڕێوەبەری ناحیەی روڤیا بۆ 964 وتی، تەنیا بۆ ماوەیەک دەرگای سایلۆ بۆ وەرگرتنی گەنم لە گۆڕەپانەکە بەکارهات، دواتر دەرگای داخرایەوە، ئەو بڕەی گەنمەی وەرگیراوە لە گۆڕەپانەکە دانراوە و گەنمی سنووری مادەی 140 بووە، هیچ بڕە گەنمێکی هەرێمی کوردستان وەرنەگیراوە.

بەڕێوەبەری ناحیەی روڤیا ئەوەش دەڵێت، هەموو رێکارەکانی کردنەوە و دابینکردنی کارمەند لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە.

سایلۆی ناحیەی روڤیا، لەساڵی 2018 دەستکراوە بە دروستکردنی و بڕی 84 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرابوو، توانای وەرگرتنی 44 هەزار تۆن گەنمی سنوورەکەی هەیە.

ناحیەی روڤیا، ژمارەی دانیشتووانەکەی 29 هەزار کەسە و سەر بە قەزای بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک 46 گوند لەخۆدەگرێت.