دادگای فیدراڵی لەسەر “نایاسایبوونی” کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کۆدەبێتەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لە بارەی سکاڵایەک لەسەر ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بە گوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە تایبەتە بە سکاڵایەک کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و باس لە “نایاسایبوونی” ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکات.

ئەمە دووەم جارە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر هەمان سکاڵا کۆدەبێتەوە، لە رۆژی 11ـی حوزەیرانیش دادگاکە یەکەم دانیشتنی لەوبارەیەوە ئەنجام دا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رێکەوتی 30.5.2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری دا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە و ئەوەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.