لە مەرزی شوشمێ گەشتیاران کێشەیان هەیە

پێشەوا محەمەد

ئەو کەسانەی لە مەرزی شوشمێوە گەشت دەکە بێزاری دەردەبڕن، چونکە لە دیوی ئێرانەوە زۆر لە چاوەڕونیدا دەهێڵدرێنەوە تا پاسپۆرتەکانیان پێدەدرێتەوە.

پرسەکە گەیشتووەتە لایەنە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و ئەوانیش لەگەڵ کونسوڵخانەی ئێران لە هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە.

چاوەڕوانییەکە بۆ لێدانی مۆری پاسپۆرتە و هەر گەشتیارێک چەند کاتژمێرێک دەهێڵدرێتەوە.

کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە 964ـی وت، “مەرزەکە نوێیە و هەندێ کێشە ماون چارەسەر بکرێن و یەکێک لەوانە ئەو چاوەڕوانییە زۆرەی گەشتیارانە”.

روونیشیکردەوە، لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو پرسەدان و لایەنی ئێرانیان لێ ئاگادار کردووەتەوە.

1.7.2023 مەرزی شوشمێ بە شێوەیەکی رەسمی لەنێوان ئێران و هەرێمدا کرایەوە و مەرزەکە کەوتووەتە پارێزگای هەڵەبەجەوە. رۆژانە نزیکەی 200 کەس لەو مەرزەوە گەشت دەکەن.