لە هەرێم نزیکەی ١٦ هەزار داواکاری بۆ قەرەبووکردنەوە هەیە
زیانلێکەوتووانی سەردەمی بەعس قەرەبوو دەکرێنەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
حکومەتی عێراق بڕی سێ ملیار دیناری بۆ قەرەبووی ٥٠٠ کەس ناردووەتە هەرێمی کوردستان، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا زەرەرمەند بوون. دەسەتەی داواکانی موڵکداریش رایدەگەیەنێت، زیاتر لە ١٥ هەزار داواکاری قەرەبووکردنەوەیان لەبەردەستە.
964+ دەزانێت، ئەو کەسانەی قەرەبووکردنەوە دەیانگرێتەوە، دەبێت موڵکەکە لەنێوان ساڵانی ١٩٨٦ تاوەکو ١٩٩١ دەستی بەسەردا گیرابێت.
“ئێمە بودجەیەکی تایبەتمان لە عێراقەوە بۆ دێت و ناوبەناو بەپێی یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکان و دیاریکردنی بڕی قەرەبووەکان دەنێردرێت، ئێستا سێ ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی ٥٠٠ کەس نێردراوە”، تارا ئەنوەر قەرەداغی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی داواکانی موڵکداری وای بە 964+ وت.
دەستەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە دامەزراوە و ١٥ هەزار و ٨٥٨ داواکاریی قەرەبووکردنەوەیان بۆ هاتووە، نزیکەی هەزار دۆسییەش قەرەبوو کراونەتەوە.
تارا قەرەداغی دەشڵێت، لیژنەیەک لە دەستەکەیان بەدواداچوون بۆ دۆسییەکان دەکات و ئەوان شێواز و بڕی قەرەبووەکە دیاری دەکەن.