سێلین دیۆن تووشی نه‌خۆشییه‌كی ده‌گمه‌ن بووه‌

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

گۆرانیبێژی ناوداری جیهان سێلین دیۆن ئاشكرای كرد، تووشی نه‌خۆشییه‌كی ده‌گمه‌ن بووه‌ و ناتوانێت درێژه‌ به‌ گه‌شته‌ هونه‌رییه‌كه‌ی له‌ ئه‌وروپا بدات.

سێلین دیۆن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، پێنجشه‌ممه‌ ڤیدیۆیه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و به‌ خه‌م و حه‌سره‌تی زۆره‌وه‌ رایگه‌یاند، تووشی “نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی دەمار” بووە، ئەمەش ناچاری کردووە جارێکی دیکە ئەو کۆنسێرتانە دوابخات کە بڕیاربوو لە ئەوروپا پێشکەشی بکات لە چوارچێوەی گەشتە جیهانییەکەی.

ئەو ئەستێرەیە خەڵکی ویلایەتی کیوبیکی کەنەدایە، زیاتریش له‌ ئاستی جیهان ناسرا، كاتێك گۆرانی سه‌ره‌كیی فیلیمی “تایتانیك”ی له‌ ١٩٩٧ وت.

دیۆن، ئاشكرای كرد “ماوەیەکی زۆرە بەدەست کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنێت”.

وتیشی، “لەم دواییانەدا تووشی نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی دەمار بووم، کە ناوی “Stiff Person Syndrome”ە.

بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە کە بە “رەقبوونی پێشکەوتووی ماسوولکەکان” ناوی دێت، سێلین دیۆن بە زه‌حمه‌ت رێ ده‌كات، لە هەمان کاتدا ژێیه‌كانی ده‌نگی تێكچووه‌.

بڕیار بوو گەشتەکەی دیۆن لە ئەوروپا لە کۆتایی مانگی شوبات لە کۆماری چیک دەستپێبکاتەوە.

دیۆن پێش سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠، توانی ٥٢ کۆنسێرت له‌ گەشتەکەی بۆ ئه‌وروپا پێشکەش بكات، دواتر لە مانگی یەکی ساڵی رابردوودا، به‌ هۆی كێشه‌ی ته‌ندروستییه‌وه‌ گه‌شت و كۆنسێرته‌كانی بۆ ئه‌مریكای باكوور هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

سێلین دیۆن له‌دایكبووی ١٩٦٨ی كه‌نداییه‌ و له‌ ستایله‌كانی پۆپ و رۆك گۆرانی ده‌ڵێت، له‌ ئاستی جیهان زۆر ناوداره‌ و تا ئێستا ٢٠٠ ملیۆن دانه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی فرۆشراوه‌.
له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكان ده‌ستی به‌ گۆرانیگوتن كردووه‌ و به‌ هه‌ردوو زمانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی گۆرانی ده‌ڵێت.

دیۆن یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و سامانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ ٤٠٠ ملیۆن دۆلار.