مۆندیال كاتی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كانی خولی عێراقی گۆڕی

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

به‌هۆی یارییه‌ به‌هێزه‌كانی قۆناغی هه‌شتی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ، فیدراسیۆنی عێراق ناچاربوو كاتی دوو یاری له‌ خولی نایابی تۆپی پێ بگۆڕێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی ٩ی كانوونی یه‌كه‌م، گه‌ڕی نۆیه‌می خولی نایابی عێراق ده‌ستپێده‌كات، كه‌ پێشتر خشته‌ و كاتی یارییه‌كان دیاریی كرابوو، به‌ڵام به‌هۆی به‌ڕێوه‌چوونی دوو یاریی زۆر به‌هێز له‌ قۆناغی هه‌شتی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قه‌ته‌ڕ، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق كاتی دوو یاریی گۆڕی.

فیدراسیۆنه‌كه‌ له‌ په‌یجی فه‌رمی له‌ فه‌یسبووك بڵاوی كرده‌وه‌، كاتی یاریی نێوان “زه‌وڕا – ئه‌لقاسم”، كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها یاریی “شوڕته‌ – نه‌فتی به‌سڕه‌” كه‌ سبه‌ی ده‌كرێت، له‌ كاتژمێر ١٨:٣٠ بۆ ٢٠:٣٠ بگۆڕێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ هۆی مۆندیاله‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتان خوله‌ ناوخۆییه‌كان وه‌ستاون، به‌ڵام له‌ عێراق خوله‌كه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ و به‌رده‌وامه‌.

پێشتر گۆڤه‌ند عه‌بدولخالق ئه‌ندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به‌ 964+ وت، به‌ هۆی هاتنه‌پێشی جامی كه‌نداو، كه‌ مانگی یه‌كی ساڵی نوێ له‌ به‌سڕه‌ ده‌كرێت، ناكرێت خولی عێراق له‌ كاتی مۆندیال بوه‌ستێت، چونكه‌ خوله‌كه‌ پێش مۆندیال مانگێك وه‌ستابوو، ناكرێت له‌وه‌ زیاتر بوه‌ستێت و دره‌نگتر ته‌واو ده‌بێت.

خولی نایابی عێراق به‌ به‌شداریی ٢٠ یانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ئه‌مڕۆ و سبه‌ی گه‌ڕی نۆیه‌م دێته‌ ئه‌نجامدان.