چاندنی گوڵەبەڕۆژە لە دەشتی بیتوێن 93% کەمیکردووە
964+
مەجید بیتوێنی
ساڵانە بەشێک لە جوتیارانی دەشتی بیتوێن لە ئیدارەی راپەڕین لە ناوەڕاستی مانگی شوبات زەوییەکانیان بە گوڵەبەڕۆژە دەچێنن.
لە کاتژمێر 4ـی بەیانییەوە هاتوون بۆ ئێرە، پلەکانی گەرما بەرزبوونەتەوە و لەبەر هەتاو پشوویەکی کەم دەدەن، بەیەک هێز و بەیەک دەست گوڵەبەڕۆژەکان کۆدەکەنەوە.
بەڵام چاندنی گوڵەبەڕۆژە وەکو جاران نەماوە، ساڵانی زوو ئەم دەشتی بیتوێنە سەوز و زەردی دەکردەوە بە گەوڵەبەڕۆژە.
دوای لێکردنەوەی گوڵەبەڕۆژەکان دەیانكێشنە سەر خەرمان و لەبەر بەرزی پلەکانی گەرما شەوان کاری داتەکاندن دەکەن.
مام عوسمانی جوتیار دەڵێت، وەکو جاران گیانی هەرەوەزی نەماوە.
ئامێری تایبەت پەیدابووە بۆ کارەکە، ئەمەش وایکردووە وەک جاران شەوانە کچ و کوڕ، گەورە و بچوک، نەچن بۆ گوڵەبەڕۆژە داتەکاندن.
بە بازاڕنەكردنی بەرهەمەکانیان گرفتی گەورەی جوتیارانە، ئەوەیشی بەرهەمی دەهێنن بە کیلۆ لەسەر شەقامەکان دەیفرۆشن، لە لایەکی دیکە کەمئاوی و کۆنکرێت نەکردنی جۆگە ئاودێرییەکانیان کاریگەری کردووەتە سەر کەمبوونەوەی بەرهەمی گوڵەبەڕۆژە، بەجۆرێک رووبەری زەوی چێندراو لە 20 ساڵی رابردوودا لە 17 هەزار دۆنمەوە کەمبووەتەوە بۆ هەزار و 200 دۆنم.