دیمەنێک کە دراوی 25 هەزار دیناری عێراقی نیشان دەدات - وێنە: 964
عەلی عەلاق هاتە هەولێر
پارێزگاری بانکی ناوەندی باس لە پێدانی قەرز بە هاوڵاتیانی هەرێم دەکات
هاوبەش ئەبوبەکر
لە سەردانێکیدا بۆ هەولێر، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی بانکە تایبەتییەکانی عێراق و نوێنەرانی بانکە تایبەتییەکان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دامەزراندنی چەند بانکێک کراوە بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەی بچووک و مامناوەندی دارایی، کە هاوڵاتیان جێبەجێیان دەکەن.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بانکی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 12.7.2023، گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک بابەت کرا، کە رووبەڕووی بانکەکانی هەرێم و عێراق دەبنەوە، وەک پەیوەندییەکانی دەرەوە، قەرزی دارایی، فراوانکردنی بانک، گشتگیری دارایی و دامەزراندنی بانک بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەی بچووک و مامناوەندی دارایی لە عێراق.
ئاماژە بەوەش کراوە، سەرۆکی کۆمەڵەی بانکە تایبەتییەکان لە کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە، کە پێویستە کەرتی بانکی کار بکات بۆ دابینکردن و پێدانی پارە بە پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری، کە راستەوخۆ خزمەتی هاوڵاتیان دەکات، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە پشتیوانییکردن لە کەرتی تایبەت و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی وڵات دەبنەوە.
ئێستا بەشێک لە بانکەکانی سەر بە حکومەتی عێراق، قەرز دەدەن بە هاوڵاتیان و فەرمانبەران و بڕی قەرزەکە تا 150 ملیۆن دینار دەچێت.