فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک کۆتایی هات، کێ خەڵاتە گەورەکەی برد؟
964+
زەید كۆچەر – دهۆک
ئەمڕۆ دوایین رۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك بوو، فیلمێکی ئۆکراینی خەڵاتی یەڵماز گۆنەی بردەوە کە بەهاکەی ١٠ هەزار دۆلارە.
حەسەن عارف، بەرپرسی نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە +964ی راگەیاند، خەڵاتی فێستیڤاڵ دابەشکرا بۆ باشترین فیلمی کوردی، باشترین فیلم، دەرهێنەر، ئەکتەری ژن، ئەکتەری پیاو و دەقی فیلمەکان.
ئەو وتی، بە گشتیی بەهای خەڵاتەکان لە نێوان هەزار بۆ پێنج هەزار دۆلارە بووە.
خەڵاتەكان بەم شێوەیە بوون:
خەڵاتی باشترین فیلمی كوردی بەخشرایە دەرهێنەر مانۆ خەلی لە فیلمی جیران.
فیلمی بیكا بارانێ خەڵاتی تایبەتی پارێزگای دهۆك و خەڵاتی باشترین ئەكتەری ژنی بەدەستهێنا.
دەرهێنەری فیلمی مارینا ئیر ئۆپاشا كە فیلمێكی ئۆكراینی بوو خەڵاتی یەڵماز گۆنەی بەدەستهێنا.
فیلمی بیراخانە خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاوی بەدەستهێنا.
خەڵاتی باشترین سیناریۆ بەخشرایە مانۆ خەلیل.
خەڵاتی باشترین دەرهێنەریش بەخشرایە حسێن حەسەن.
ئەمساڵ بۆ فێستیڤاڵی فیلمی دهۆك، ٥٧٠ فیلم نێردرابوون و تەنیا ٩٨یان هەڵبژێردران، ٥١ فیلمی بیانی و 47 فیلمی کوردی.
كێبڕكێ توند لە نێوان ٥٥ فیلمدا بوو، ٢٧ فیلمی کوردی و ٢٨ فیلمی بیانی بوون کە لە بەشی فیلمی بڵند، بەڵگەفیلمی درێژ، کورتەفیلم و چەند بەشێکی دیکەی بۆ فیلمی کوردی و بیانی هەبوو.