964 ساغیکردەوە
هەنجیری نەجەف و کەربەلایە بە هی کەلار دەیفرۆشن
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لە ناو بازاڕی سلێمانی هەنجیری رەش هاتووە و بە هەنجیری کەلار دەفرۆشرێت، بەڵام 964 زانیویەتی کەلار هەنجیری نییە و هی نەجەف و کەربەلایە.
هەنجیرەکە کیلۆی بە پێنج هەزار دینارە و کەمتر لە هەفتەیەکە هاتووەتە ناو بازاڕەوە.
هاوار کاکەیی، جوتیارێکی شاری کەلارە و بە 964ی وت، “لە کەلار هەنجیر بوونی نییە و ئەو هەنجیرە رەشە هی نەجەف و کەربەلایە، تەنانەت ئەوانەی لە عەلوەش دەیفرۆشن، هاوڵاتی عەرەبن”.
بە وتەی فرۆشیارانی هەنجیرە رەشەکە، لە سلێمانی خەڵکێکی زۆر حەزی لێیەتی و دەیکڕن.
ئەکرەم مەحمود، یەکێک لە بەقاڵەکانی ناو بازاڕی سلێمانی بە 964ی وت، “راستە ئەو هەنجیرە هی کەلار نییە و هی نەجەف و کەربەلایە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەوانەی ئەو هەنجیرە دەفرۆشن، بەناوی هەنجیری کەلارەوە دەیفرۆشن”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی