زانکۆی ئاکرێ
لە یەکەم رۆژی دروستبوونی پارە و ئۆتۆمبێڵی بە دیاری وەرگرت
زەید کۆچەر – دهۆک
لە رێوڕەسمی کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ، دوو زانکۆ لە دهۆک پارە و ئۆتۆمبێڵیان بەخشییە زانکۆ تازە دروستبووەکەی ئاکرێ.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە قەزای ئاکرێ مەراسیمی کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان بەڕێوەچوو، بەمەش یەکەمجارە لەو قەزایە زانکۆیەک دەکرێتەوە.
وەک پاڵپشتی بۆ خستنەسەرپێی زانکۆ تازە درەستبووەکەی ئاکرێ، زانکۆی دهۆک 100 ملیۆن دینار و زانکۆی پۆلیتەکنیک لە دهۆک بڕی 150 ملیۆن دینار و 14 ئۆتۆمبێڵیان وەک دیاری بەخشی.
عیسمەت خابووری، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی دهۆک بۆ 964 وتی، “بۆ ئەوەی زانکۆی ئاکرێ کارەکانی بە باشی دەستپێبکات بڕیارمانداوە ئەو بڕە پارەیە ببەخشین، دابینکردنی ئەو پارەیە لەسەر داهاتی زانکۆکانە”.
بڕیارە هەریەکە لە کۆلیژی پەروەردەی ئاکرێ، کۆلیژی تەکنیکی ئاکرێ، کۆلیژی ئینفۆرماتیک و هەردوو پەیمانگای تەکنیکی ئاکرێ و بەردەڕەش لە رووی کارگێڕییەوە پەیوەست بکرێن بە زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی 964، بڕیارە ساڵی داهاتوو کۆلیژی کشتوکاڵ لە قەزای بەردەڕەش بکرێتەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی