وەزارەتی پەروەردە بە ئۆنلاین ئاستی خوێندکاران بە بەخێوکارەکانیان دەڵێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
وەزارەتی پەروەردە خزمەتگوزارییەکی نوێی بەناوی E-Halsangandn راگەیاند و دەڵێت لەمەودوا دایک و باوکان دەتوانن بە ئۆنلاین و هەر لە ماڵەوە لە دۆخی پەروەردەیی و فێربوونی منداڵەکانیان بەئاگابن.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، خزمەتگوزاریی E-Halsangandn لە رێگەی پلاتفۆرمێک پێشکەش دەکرێت و بەخێوکار یوزەر نەیم و پاسۆردی تایبەت بە خوێندکارەکەی پێدەدرێت و لەسەر حەوت ئاست هەڵسەنگاندنی منداڵەکەی پێدەگات.
هەڵسەنگاندنەکان پێکهاتوون لە ئاستی ئامادەبوون، ئاستی چالاکیی ناوپۆل، ئاستی هێنانی پێداویستییەکانی خوێندن بۆ ناوپۆل، ئاستی بەئاگابوون و وریایی ناو پۆل، ئاستی رەفتار و ئاكار، ئاستی نمرە و هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان و ئاستی تەندروستی.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، “ئەم خزمەتگوزارییە بۆ ئەم ساڵی خوێندن (٢٠٢٢-٢٠٢٣)، بە شێوەی ئەزموونی لە (٢٨) بیست و هەشت قوتابخانەی حکومی و ناحکومی کوردستان دەستی پێ كردووە.”
هەر لە رێگەی پلاتفۆرمەکەوە بەخێوكارانی قوتابی دەتوانن تێكڕای نمرەی منداڵەكانیان ببینن و بزانن رۆژانە منداڵەكانیان چ وانەیەك دەخوێنن و سوود لە رێنمایی گشتیی خێزانی بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵەكانیان وەربگرن.
ئەگەر بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستای بابەت و رێنمایکاری پەروەردەیی بیانەوێت لەدەرەوەی ئەو هەڵسەنگاندنە گفتوگۆ لەگەڵ بەخێوکاری قوتابی بکەن، دەتوانن پەیامێکی ئەلیکترۆنی بۆ بەخێوکاری قوتابی بنێرن، رۆژ و رێکەوت و کاتی دیدارەکە لە ناو قوتابخانە رێك بخەن.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، پلاتفۆرمەکە بە زمانەکانی کوردیی شێوەزاری سۆرانی و بادینی، ئینگلیزی، عەرەبی، سریانی و تورکمانی بەردەستە.
بۆ سەردانیکردنی ماڵپەرەکە کلیک لێرە بکە