حکومەتی هەرێم بڕی 3.43 ترلیۆن دیناری بۆ کشتوکاڵ خەرج کردووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ماوەی چوار ساڵدا، حکومەتی هەرێم بڕی 3.43 ترلیۆن دیناری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کشتوکاڵ تەرخانکردووە.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم راپۆرتی چوار ساڵی کار و چالاکییەکانی خۆی بڵاوکردەوە کە 20 تەوەر لەخۆدەگرێت و تیایدا ئاماری بەرھەمھێنان و بەبازارکردنی گەنم و سامانی ئاژەڵی خستووەتەڕوو.

بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، لە چوار ساڵی رابردوودا سێ بەنداوی بۆ گلدانەوەی ئاو تەواوکراون و 14 بەنداوی دیکەش لەژێر جێبەجێکردن دان،  42 بەنداوی دیکەش دیزاینکردنیان تەواو بووە بەڵام تائێستا نەکەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەگ نمی کردووە تا پێویست نەکات لە دەرەوە ھاوردەبکرێت، بۆیە 15 ھەزار و 762 تۆن بنەتۆوی گەنم بەرھەمھێنراوە و 10 ھەزار و 405 جووتیاریش لێی سودمەندبوون.

سەبارەت بە پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ و ھەنگوینیش، لە کابینەی نۆیەمدا وەزارەتی کشتوکاڵ مۆڵەتی نوێی بەخشیوە بە 469 پڕۆژەی سامانی ئاژەڵ کە زۆرترینیان پڕۆژەکانی بەرھەمھێنانی پەلەوەری گۆشت بووە.

ھەروەھا مۆڵەتی نوێش بە 21 پڕۆژەی سامانی ماسی دراوە، ھەر لەو چوار ساڵەشدا بەرھەمھێنانی ھەنگوین بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە کە دەگاتە 30%ـی بەرھەمی پێشتر، بەجۆرێک بەرھەمی ھەنگوین ساڵانە لە ملیۆنێک و 123 ھەزار کیلۆگرامەوە بۆ ملیۆنێک و 600 ھەزار کیلۆگرام زیادیکردووە.

وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، لە چوار ساڵی رابردوودا بە گوژمەی زیاتر لە سێ ترلیۆن و 435 ملیۆن دینار پڕۆژەی کشتوکاڵی و خزمەتگوزاری جێبەجێکراون.

دەشڵێت، گرنگی بە ژینگە و باخداری و زیادکردنی روبەری دارستانەکان دراوە، بەجۆرێک لەو ماوەیەدا نزیکەی 900 ھەزار نەمام بەرھەمھێنراوە و فرۆشراون یان دابەشکراون، تەنھا لەرێگەی زیادکردنی خانووە پلاستیکییەکانیش توانراوە  14 ھەزار و 708 ھەلیکار بڕەخسێنرێت.