ئێران یەکەم خۆپیشاندەری ژینای لە سێدارە دا
964+
هێمن بەکر
دەزگای دادی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، پیاوێکیان لە سێدارە داوە بە تۆمەتی بریندارکردنی پۆلیسێک بە چەقۆ لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران و بە بەڵگەی جۆری تۆمەتەکەی، وا دیارە کە یەکەم کەس بێت بەهۆی خۆپیشاندانەکانی سێ مانگی رابردووی ئێران لە سێدارە بدرێت، کە بەهۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بەڕێوەچوون.
ژینا ئەمینی کچێکی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە ناوەڕاستی ئەیلول لەگەڵ خێزانەکەی سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانیان کردبوو، لەوێ “پۆلیسی رەوشت” بە تۆمەتی نەپۆشینی جلوبەرگی گونجاو دەستگیریان کرد و دواتر گیانی لەدەستدا.
دواتر بنەماڵەکەی پۆلیسیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە ژینایان داوە و بەهۆی ئەشکەنجەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، ئەمەش بووە هۆی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سەرجەم ناوچەکانی ئێران.
دەزگای دادی ئێران لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەو کەسەی لە سێدارەیان داوە ناوی “موحسین شکاری”ە، گوایە لە ٢٥ی ئەیلولی رابردوو بە چەقۆ پۆلیسێکی بریندارکردووە لە شەقامی ستارخان لە شاری تاران.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن، دەیان بەندکراوی دیکەی خۆپیشاندانەکان هەن لە ئێران کە بەمزوانە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت.