وەزارەتی داد خولی جێبەجێكاری دادیی دەکاتەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی داد خولێک بۆ یاریدەدەرانی دادوەر لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکاتەوە و رۆژانە پێنج کاتژمێر وانەی فێرکاری لە بارەی شێوازی نوێی مامەڵەی دادگاکان دەوترێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 9.7.2023، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داد بە 964ی راگەیاند، خولەکە لە رێکەوتی 16.7.2023 دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.

وانەکان رۆژانە لە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی تاوەکو 2:00 پاش نیوەڕۆ دەوترێنەوە و هەفتەیەکیش بۆ تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەشداربووان دیاریکراوە.

وەزارەتی داد لە فەیسبووک ناوی 27 فەرمانبەری بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەمانە پاڵێوراون بۆ ئەوەی بەشداری لە خولی جێبەجێکاری دادیدا بکەن و پێویستە لە 16.7.2023 لە بینای پەیمانگەی دادوەری لە گەڕەكی ئازادی – شاری ھەولێر ئامادەبن.

“وەزارەتی داد ناوی پالێوراوانی لە مانگی دووی ئەم ساڵەوە راگەیاندبوو، لەو کاتەوە تا ئێستا کار بۆ کردنەوەی خولەکە تەواوکراوە”، وەزارەتی داد وا دەڵێت.